بانکی ناوەندی عێراق کۆمەڵێک رێنمایی نوێ دەردەکات

K24 - هەولێر

بە ئامانجی زیادکردنی ژمارەی سوودمەندان لە خزمەتگوزاری دارایی بانکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بانکی ناوەندی عێراق کۆمەڵێک رێوشوێن و رێنمایی بۆ کارتەکانی پری پەید دەرکرد، کە لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی مامەڵەکاریش پارێزراو بێت.

بەگوێرەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی بۆ دامەزراوەکانی کار بە سیستەمی پری پەید دەکەن تێیدا هاتووە، پێویستە زۆرتری بڕی مایە لەنێو ئەژمارەکە لە 10 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت. هەروەها پڕکردنەوەی مانگانەی کارتەکانی پری پەید لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

لەسەر ئاستی مامەڵەکانیش نابێت لە ئامێرەکانی ATM رۆژانە زیاتر لە 300 دۆلار رابکێشرێت، مانگانەش لە 3 هەزار دۆلار زیاتر رابکێشرێت. لە مامەڵەکانی کڕینیشدا نابێت لە 750 دۆلار زیاتر بێت، بەو مەرجەی لەسەر ئاستی مانگەکەدا لە 3 هەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

هەروەها رێگە بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A و B دەدرێت کارتی پری پەید دەربکەن، لە هەمان کاتدا مامەڵەکردنی بە سەرجەم کارتەکانی بە سیمبوڵی MCC قەدەغەکرد.