شێروان دووبەردانی لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق: تا ئێستا کێشە لەسەر دوو ماددە هەیە

شێراون دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شێراون دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاماژە بەوە دەدات، تا ئێستا کێشە لەسەر دوو ماددەی تایبەت بە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق هەیە و دەڵێت، ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە ساز دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، شێراون دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانە؛ لە لێدوانێکدا لەبارەی پەسەندکردنی ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا کێشە لەسەر هەردوو ماددەی 13 و 14، کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان هەیە.

وەکو ئەوەی دووبەردانی ئاماژەی پێ دا، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە لە پێکهێنەرانەکانی حکومەتی ئێستای عێراق پێکهاتووە، کۆببێتەوە و تاوتوێی پەسندکردنی هەردوو ماددەی 13 و 14 بکات.

دووبەردانی سووربوونی فراکسیۆنەکەی لەسەر پەسەندکردنی تەواوی دەقی پڕۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر سبەی پێنجشەممە دەنگ لەسەر ئەو دوو ماددەیە بدرێت، چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەنگ لەسەر کۆی پڕۆژەیاساکە بدات و پەسەندی بکات.

 

لای خۆیەوە رۆژی شەممە 20ـی ئایاری 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ماددەکانی پەیوەندیدار بە پشکی هەرێم بریتین لە 12 و 13 و 14 و 61ـە، هەندێک لە پەرلەمانتاران لەسەر مادەی 61 باسی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەو بڕە پارەیە کە لە ساڵی 2022ـەوە نێردراوە ببێتە قەرزێک لەسەر هەرێم، بەڵام ئەوانەی باس دەکەن چەند دەنگێکی نەشازن، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کراوە، ئەو ماددەیە تێدەپەڕێنرێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دوای پەسندکردنی بودجە، وەکو ساڵانی رابردوو ئاسەنگ لەبەردەم پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دروست ناکرێت؟، جەمال کۆچەر دەڵێت: "ئەم جارە جیاوازە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان کراوە، بۆیە باوەڕناکەم ئەمساڵ هیچ ئاستەنگێک بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت".

پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق 16 ترلییۆن و 690 ملیار دینارە، واتا مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و 384 ملیار دینار دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە 910 ملیار دینار.

درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار، دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 کرد.

رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسان 2023، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.