کاتی پەسندکردنی بودجەی عێراق راگەیەندرا

جەمال کۆچەر: لە دوو رۆژی داهاتوودا پەرلەمان لەبارەی بودجە کۆدەبێتەوە
جەمال کۆچەر
جەمال کۆچەر

K24 - هەولێر

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە کۆدەبێتەوە.

گوتیشی: "ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و بڕگەکانی بودجە تاوتوێ دەکات، هەفتەی داهاتوو بودجەی عێراق پەسند دەکرێت".

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، جەمال کۆچەر، گوتی: "ماددەکانی پەیوەندیدار بە پشکی هەرێم بریتین لە 12 و 13 و 14 و 61ـە، هەندێک لە پەرلەمانتاران لەسەر مادەی 61 باسی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەو بڕە پارەیە کە لە ساڵی 2022ـەوە نێردراوە ببێتە قەرزێک لەسەر هەرێم، بەڵام ئەوانەی باس دەکەن چەند دەنگێکی نەشازن، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کراوە، ئەو ماددەیە تێدەپەڕێنرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ ناکۆکی ئەوتۆ لەنێوان لایەنەکان نییە لەسەر بودجە، لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجە دەچێتە پەرلەمان و لە دانیشتنی گشتی دەنگی لەسەر دەدرێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دوای پەسندکردنی بودجە، وەکو ساڵانی رابردوو ئاسەنگ لەبەردەم پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دروست ناکرێت؟، جەمال کۆچەر دەڵێت: "ئەم جارە جیاوازە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان کراوە، بۆیە باوەڕناکەم ئەمساڵ هیچ ئاستەنگێک بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت".