پیاوێکی ئەمەریکی بەهۆی وێنەیەکەوە زیاتر لە چوار ساڵ سزای زیندانکردنی بەسەردا سەپێندرا

ڕیچارد بارنێت، بەهۆ ئەم وێنەیەوە زیندانیکرا
ڕیچارد بارنێت، بەهۆ ئەم وێنەیەوە زیندانیکرا

K24 – هەولێر

رۆژی چوارشەممە دادگایەکی ئەمەریکا سزای چوار ساڵ و نیو زیندانیکردنی بۆ "ڕیچارد بارنێت" دەرکرد، کە لە سەرەتای ساڵی 2021دا، پێیەکانی خستە سەر ئۆفیسی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەران، کاتێک لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، هێرشیان کردە سەر بینای کاپیتوڵ.

لە 6ی یەنایەری 2021، "ڕیچارد بارنێت" لەگەڵ هەزاران لایەنگری ترەمپ، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای یاسادانانی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرێس نەتوانن سەرکەوتنی جۆو بایدن بەسەر دۆناڵد ترەمپ دا پەسەند بکەن.

لەو کاتەدا فۆتۆگرافەرێکی ئاژانسی فرانس پرێس وێنەیەکی بارنێتی چرکاند، کە لەسەر کورسییەکەی پیلۆسی دانیشتووە و پێی چەپی لەسەر مێزەکەی جێگیر کردووە. وێنەکەش هەر زوو بە جیهاندا بڵاوبووەوە و وایکرد پۆلیس بە خێرایی دەستگیری بکەن.

یەکێک لەو تۆمەتانەی رووبەرووی بووەتەوە، بارنێت نامەیەکی بۆ پیلۆسی بەجێهێشتووە کە سووکایەتی پێکردووە و زەرفێکیشی دزیوە کە واژۆی ئەوی لەسەر بووە.

.

سەرەتای ئەمساڵ بارنێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی لە واشنتن ئامادەبوو، لەوێدا بە چەندین تۆمەت سزا درا، لەوانە "رێگریکردن لە رێوشوێنە فەرمییەکان، دزین و شکاندنی کەل و پەلی باڵەخانەیەکی فەرمی بە بەکارهێنانی چەکێکی مەترسیدار.

لە کاتی دادگاییکردنیدا، ئەم پیاوە تەمەن 60 ساڵە گوتی، لەلایەن خەڵکەوە هاندراوە بۆ ئانجامدانی ئەم کارانە.

داواکاری گشتی رایگەیاندووە، تۆمەتبار هیچ پەشیمانییەکی نیشان نەداوە لەو کارەی کە کردوویەتی و "هەوڵی بەدەستهێنانی پارەی داوە لە ڕێگەی فرۆشتنی وێنەکەی" کە بۆ فرۆشتنی کۆپی هەر وێنەیەکی بە واژۆی خۆی بە نرخی 100 دۆلار فرۆشتووە.

دەسەڵاتداران لە دوای هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کاپیتوڵ زیاتر لە هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و نزیکەی 300 کەسیان سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

توندترین سزا کە تا ئێستا لە دژی هەریەکێک لەو تاوانبارانە دەرچووە، 14 ساڵ زیندانیکردنە و ئەو سزایە بەسەر کەسێکدا سەپێنراوە کە پێشینەی تاوانی درێژخایەنی هەیە.