رێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی مانگانە دابەزی

K24 - هەولێر
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ئاماری رێژەی هەڵاوسانی بۆ مانگی نیسانی 2023 بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی نیسانی رابردوو بەراورد بە ساڵی بنەڕەت کە ساڵی 2012ـە، گەیشتووەتە سەدا 14.09 کە لەسەر ئاستی مانگانە سەدا 0.8 دابەزیوە، بەڵام لەسەر ئاستی ساڵانە بە رێژەی سەدا 4.6 بەرزبووەتەوە.
لە داتاکانی دەستەی ئاماردا هاتووە، هۆکاری دابەزینی لەسەر ئاستی مانگانە بۆ دابەزینی بەشێک لە کاڵا سەرەکییەکانی وەک کرێ و خواردن و خواردنەوە و کەرەستە خزمەتگوزارییەکان و چەندین بابەتی دیکە دەگەڕێتەوە.
بەڵام لەسەر ئاستی ساڵانە کە بەرێژەی سەدا 4.6 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زۆرینەی کاڵا سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، جیاوازی زۆر لە پارێزگاکانی سلێمانی دهۆک روویانداوە، کە بە رێژەی سەدا 1.5 بۆ هەر یەکێکیان لە مانگی نیسان بەراورد بە ئادار بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە، بەڵام لە هەولێر بە رێژەی سەدا 0.15 بەرزبووەتەوە.