لە ئیستانبوڵ ئیسماعیل بێشکچی گەڕانێک بە نێو تابلۆکانی رۆستەم ئاغالە دەکات

K24 - هەولێر
لە دوو چالاکی کولتووری جیاوازی هونەری و رۆشنبیری دا، وەقفی ئیسماعیل بێشکچی بە هاوکاری دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکل و وەشانخانەی ئاڤێستا لە 16 و 17ـی حوەزەیرانی 2023، پێشوازی لە تابلۆکانی هونەرمەند رۆستەم ئاغالە دەکات، کە ناوی ناوە ئێوارەی رەنگەکان.
هاوکات کۆڕێکی شیعری بۆ هەریەک لە شاعیرانی هەرێمی کوردستان قوبادی جەلیزادە، کەژاڵ ئەحمەد و موئەیەد تەیب لە شاری ئیستانبوڵ ساز دەکات و گەڕانێک بە نێو تابلۆ رەنگینەکانی رۆستەم ئاغالە و شیعرە ناسکەکانی شاعیرانی کورد لە باشووری کوردستان دەکرێت.
لە پێشانگاکەدا چەند تابلۆیەکی رەنگینی هونەرمەند، کە گوزارشته لە کارەساتە تراژیدییەکانی گەلی کورد و ناوچە دڵڕفینەکانی کوردستان نمایش دەکرێن، کە هونەرمەندی ناوبراو بە سەلیقەی جوانیی خۆی وێنەی کێشان و وەک دیکۆمێنتێک لەو پێشانگایەدا دەبینرێت، کە ژانەرێکه و کارەساتەکانی کوردی لە کۆڵ گرتووە.
هەروەها شاعیرە ناسراوەکانی بەشدار لەو چالاکییە کە پێکهاتوون لە قوبادی جەلیل زادە، کەژاڵ ئەحمەد و موئەیەد تەیب، ئێوارە شیعرێک لەم ناوەندە رۆشنبیرییەی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی پێشکەش دەکەن، کە چەند پارچە شیعرێکی نوێ لەخۆ دەگرن و گەڕانێک بەنێو شیعرەکانیان دەکەن و دەیانەوێت بە وشه و دێڕە شیعرییەکانیان پارچەیەکی دیکەی کوردستان لە باکوور بڕازێننەوە.
رۆستەم ئاغالە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: جێگەی خۆشحاڵیە، کە وەقفی ئیسماعیل بێشکچی و کوردستان کرونیکل و وەشانخانەی ئاڤیستا دەرگایان بۆ هونەرەکەی من کردووەتەوە، دەتوانم تابلۆ رەنگینەکانم لەم شاره لەبەردەم دەیان هونەرمەند و رۆشنبیری گەورەی ئەو وڵاتە نمایش بکەم، کە جوانی و ئازارەکانی نیشتمان بوونەتە سەرچاوەی تابلۆکانی من و دەمەوێت داهێنانی خۆم لە بواری شێوەکاری نیشانی خەڵک و هونەرمەندانی ئەو شارە بدەم، کە دەبێته دەسپێکێکی جوان بۆ کاری زیاتر و بەستی چەند ژووانێکی هونەری.
