هەڵەبجە.. سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی شیعری ژنان بەڕێوەدەچێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی شیعری ژنان بە دروشمی "ژنان، وشەن، رەنگن، دەنگن"، بڕیارە مانگی کانوونی یەکەمی 2026، لە هەڵەبجە بەڕێوەبچێت.

شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەبا ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە بانگهێشتێکە بۆ عاشقانی ئەدەب و هەوادارانی شیعر و پەیڤی جوان، بە تایبەتی ئەو خاتوونانەی بە شیعر و هۆنراوە هەستی مرۆڤایەتی، جوانیی ژیان و دنیای ناوەوەی خۆیان دەردەبڕن. هەروەها هەوڵێکە بۆ ئەوەی بەرهەم و دەنگی شاعیرانی ژن زیاتر ببیسترێت و شوێنێکی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی توانست و بەهرە ئەدەبییەکانیان بڕەخسێت."

سەبا ئەحمەد سەبارەت بە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە گوتی، "ئەو خاتوونانەی حەزی بەشدارییان لەو بۆنە ئەدەبییەدا هەیە، دەتوانن دەقە شیعرییەکانیان بەپێی مەرجە دیاریکراوەکان بۆ رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بنێرن. لە مەرجە سەرەکییەکانی بەشداریشدا، دەقی شیعری پێشکەشکراو دەبێت نوێ بێت و پێشتر بڵاو نەکرابێتەوە، هەروەها قەبارەی دەقەکە نابێت لە پێنج لاپەڕەی A4 زیاتر بێت."

سەبا ئەحمەد رایگەیاند،، "هەروەها دەبێ دەقەکان بە فۆرماتی وۆرد، بە یونیکۆدی کوردی و فۆنتی قەبارەی 16 بنووسرێن، بۆ ئەوەی لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بن. دوا مۆڵەتی وەرگرتنی دەقەکانیش 1ـی تشرینی دووەمی 2026 دیاری کرابوو."

سەبارەت بە گرنگیی تایبەتمەندیی فێستیڤاڵەکە، سەبا ئەحمەد دەڵێت، "تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە کە هەموو چالاکییەکانی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ژنان لە ئاستی رێکخستن و بەڕێوەبردنی چالاکییە ئەدەبییەکانیشدا رۆڵی سەرەکییان هەبێت."

سەبا ئەحمەد رایگەیاند، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا هەشت شاعیری ژن بەشداری دەکەن و هەشت دەقی شیعریی باش هەڵدەبژێردرێن. هەروەها دوو شاعیر دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی دەقە هەڵبژێردراوەکان بخوێننەوە و شیکاری و لێکدانەوەیان بۆ بکەن، بەمەش بەشداربووان تەنیا دەقەکانیان پێشکەش ناکەن، بەڵکو دەرفەتی گفتوگۆ و تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و واتا و تەکنیکە شیعرییەکانیانیش دەڕەخسێت."

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، لەبارەی شێوازی خەڵاتکردنی بەشداربووانەوە گوتی، "لە فێستیڤاڵەکەدا پلەبەندی و جیاکردنەوەی بەشداربووان بەپێی پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم بوونی نییە، بەڵکو خەڵات بە سەرجەم بەشداربووان دەدرێت. هەروەها ئەم شێوازەی خەڵاتکردنە، جەخت لەسەر بەشداری و بەرهەمهێنانی ئەدەبی دەکاتەوە و هەوڵ دەدات بەهای بەشداریی هەموو شاعیرانی ژن بپارێزێت، بەبێ ئەوەی بەرهەمەکانیان بە پلەبەندییەوە لێک جیا بکرێنەوە."

لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە، هەڵەبجە جارێکی دیکە پێشوازی لە بەرهەم و دەنگی ژنان دەکات، لە شارێکدا کە ناوی بەناوەڕۆکی ئەدەبی و مێژووی رۆشنبیریی کوردییەوە گرێ دراوە، شیعر دەبێتە پردێک بۆ پەیوەندیکردنی هزر و هەست و ئەزموونی ژنان و پیشاندانی توانای ئەوان لە بواری ئەدەب و داهێناندا.