سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بە دووری دەزانم زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پرسی بودجە بەکاربهێندرێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت زۆرینەی پەرلەمانی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی پڕۆژەیاسای بودجە بەکاربهێندرێت و  دەڵێت، "لێکتێکەیشتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، لەبارەی دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و بەتایبەت هەردوو ماددەی 13 و 14 کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، بەردەوامن و لێکتێگەییشتنێک لەنێوان لایەنەکان بۆ ئەو مەبەستە هەیە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، دانانی رۆژی دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، کە لە سەرۆک و دوو جێگرەکەی پێکدێت و ئەوان سبەی پێنجشەممەیان دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدات. هەڵبەتە زیاتر لە 70 پەرلەمانتار واژوویان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی پەرلەمان کۆکردبووەوە.

پارتی، وەکو ئەوەی ڤیان سەبری باسی کرد، لەگەڵ ئەوەدایە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق، وەکو چۆن لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە و دەنگی لەسەردراوە، بەهەمان شێوە لە نێو پەرلەمانی عێراقیش بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک دەنگی لەسەر بدرێت.

بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لیژنەی دارایی کۆببێتەوە، چونکە پرسی گواستنەوەکان لە نێو وەزارەتەکاندا و زیادکردنی 25 ماددەی نوێ بۆ پڕۆژەیاساکە یەکلانەبووەتەوە و تا ئەو پرسە یەکلانەبێتەوە، بە دووری دەزانێت لیژنەکە کۆببێتەوە.

لەبارەی ئەوەی، ئەگەر دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق بەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجە کراون بکرێت، پارتی بەشداری دەکات یان نا، ڤیان سەبری گوتی، "پرسی پڕۆژەیاسای بودجە لە پرسەکانی دیکە جیاوازە، پێموایە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی پڕۆژەیاساکەیان پێ باش نەبێت و ناڕازیبن، هیچ بڕیارێکی لەسەر نادرێت و پەسەند ناکرێت. بە دووریش دەزانم زۆرینەی پەرلەمانی بۆ ئەو پرسە بەکاربهێندرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و چەند بەرپرسێکی کوردیش لە حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هەریەک لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەشدارن.

 

 

رۆژی سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 13:00 بەڕێوەدەچێت.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.

لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌پێی ئه‌م گۆڕانكاریەش پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی ناوه‌راست و باشوور حسابی بۆ كراوە، نەک وەک هەرێمێکی دەستووری.

لە خاڵی هەشت هاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت ئەمەش واتە مەقەستی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هەمیشە تیژ و ئامادەییە.

لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.

هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.

لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکوماەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.

ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی 13 و 14ـدا هاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.

پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق 16 ترلییۆن و 690 ملیار دینارە، واتا مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و 384 ملیار دینار دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە 910 ملیار دینار.

خەرجییەکانی بودجەی گشتیی عێراق بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە، کە خەرجیی وەبەرهێنان 49 تریلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن و 754 هەزار دینارە.

هەرچی خەرجیی بەکارخستنە: 133 تریلیۆن و 221 ملیار و 694 ملیۆن و 2 هەزار دینارە. خەرجیی قەرزەکانی بریتییە لە  12 تریلیۆن و 750 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینار، لەگەڵ 3 تریلیۆن و 587 ملیار و 284 تریلیۆن دینار کە خەرجیی بەرنامە تایبەتەکانە.

بەپێی هەژمارکردنی 100 دۆلاری ئەمریکی بە بەهای 130 هەزار دینار، کۆی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە 153 ملیار و 93 ملیۆن و 932 هەزار دۆلار.

درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار، دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 کرد.

رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسان 2023، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

Fly Erbil Advertisment