پلاسخارت هۆشداری له‌باره‌ی كه‌مپی ئه‌لهۆله‌وه‌ ده‌دات

K24 - هەولێر:

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی کەمپی ئەلهۆل هۆشداریدەدات و دەڵێت، ئەگەر دۆخی ئەلهۆل بەوشێوەیە بمێنێتەوە، دەبێتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی تیرۆر.

جێنین هێنس پڵاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی یۆنامی، لە وتارێکدا لە بۆنەی دیدگای عێراق لەبارەی کەمپی ئەلهۆل لە سووریا رایگەیاند، نابێت چاوەڕێ بکەین و رێگە بدەین منداڵان لە کەمپی ئەلهۆل گەورەبن، چونکە ئەو منداڵانە هەست بەوە دەکەن لە مافەکانیان بێبەشکراون و دەکەونە بەر مەترسی چەکدارکردنی زۆرەملێ و توندوتیژی دەبێتە بەشێکی ژیانیان.

پڵاسخارت دەڵێ، لە ساڵی رابردوو تا ئێستا 1382 خێزانی عێراقی لە کەمپی ئەلهۆل گەڕێندراونەتەوە سەنتەری جەدعە و 837 خێرانیش گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر خێزانی عێراقی لە ئەلهۆل ماون و دەبێ کار بۆ گەرانەوەیان بکرێت.

پلاسخارت چیرۆکی ژیانی کوڕێکی عێراقی 11 ساڵان لەناو کەمپی ئەلهۆل دەگەڕێتەوە و دەڵێ، ئەو کوڕە باوکی کوژراوە و دایکیشی دواتر گیانی لەدەستداوە و لەگەڵ برایەکی و شەش خوشکی لەناو کەمپەکەدا دەژیان و تاکە خەونی ئەوە بوو بگەرێتەوە بۆ عێراق و ئەو شوێنەی دایکی پێش مردنی بۆی باسکردووە.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری ئەمنی کەمپەکەن.

جگە لە کەمپی هۆل، هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوەدەبن کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعشی لەخۆ گرتووە. لە شوباتی ساڵی 2022، چەکدارانی داعش هەوڵیاندا زیندانەکە بشکێنن و گیراوانی ئازاد بکەن. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا کە نزیکەی 10 رۆژی خایاند، نزیکەی 500 چەکداری داعش کوژران کە بەشێکیان گیرارانی نێو زیندانەکە بوون.

راگیراوانی کەمپەکە و زیندانانی غوەیران هاووڵاتیی 20 وڵاتی جیاوازن، کە لە نێویاندا ئەوروپی، چینی و تورک هەن. بەشێک لە وڵاتان رەتییانکردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییانەوە وەربگرنەوە کە پێشتر چوونەتە ریزەکانی داعش بە پاساوی ئەوەی کە بیری توندڕەوەی هێشتا بەسەریان زاڵە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداریان داوە لەو مەترسیانەی لە کەمپەکانەوە سەرهەڵدەدەن بەو پێیەی منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە لەلایەن دایکیانەوە فێری توندڕەوی دەکرێن.