نوری مالیكی گەیشتە سلێمانی

K24 - سلێمانی

كەمێك پێش ئێستا نوری مالیكی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق گەیشتە شاری سلێمانی.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا گەیشتە شاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسانی ئیداری بۆ پێشوازیكردن لە مالیكی ھاتونەتە فڕۆكەخانەی سلێمانی".

گوتیشی: "بڕیارە لە سەرەتای سەردانەكەیدا مالیكی سەردانی ماڵی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات، ھەروەك بڕیاریشە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە".

پێشتر راگەیاندرابوو كە مالیكی بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان سەردانی سلێمانی دەكات، لە ماوەی رابردووشدا دوای واژووكردنی رێككەوتننامەی سیاسی شاندی یەكێتی و گۆڕان لە بەغدا لەگەڵ مالیكی كۆبوونەوە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "مالیكی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان تاوتوێی لادانی عەبادی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دابینكرنی بودجە بۆ شاری سلێمانی دەكەن".

نوری مالیكی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند: "پیرۆزبایی لە رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان دەكەم و كاریگەری دەبێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا".

گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و یەك چارەنووسمان ھەیە، پێویستە چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا بكرێت".