پەتایەکی نوێ لە پیرۆ مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە

K24 – هەولێر:
بەشێک لە ناوچەکانی باکووری پیرۆ رووبەڕووی پەتایەک بوونەتەوە بەناوی تای دینگی کە بەهۆیەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 80 هەزار کەس داخڵی نەخۆشخانەکان کراون.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی سەنتەری نیشتمانی پیرۆ بۆ چارەسەر و کۆنترۆڵکردنی پەتا و نەخۆشییەکان، 137 هەزار 539 حاڵەتی ترسناک تۆمارکراوە و تائێستا 223 حاڵەتی مردنیش بەهۆی ئەو پەتایەوە هەبووە.
تای دینگی بەهۆی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی لاوازی توند و دابەزینی کێشی جەستە، بەشێک لە توشبووەکانیش گیانلەدەستدەدەن.
ماریا فرانسیسا، کارمەندی تەندروستی لەو بارەیەوە دەڵێت: بەپێی ئەو حاڵەتانەی دەستنیشانمانکردوون، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە باران و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە لە باکووری ئەو وڵاتە، کە وایکردووە مێشوولە و مێرووەکان چالاک بن و ڤایرۆس بڵاو بکەنەوە.
ئەو کارمەندە تەندروستییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە رووبەڕووی یەکێک لە خراپترین پەتاکان لە وڵاتەکەمان بووینەتەوە و کاتێک کەسێک تووشی ئەو پەتایە دەبێت، تەنانەت ناتوانێت لەسەر قاچەکانیشی بوەستێت.
لە نیشانە باوەکانی ئەو پەتایە، کاتێک کەسێک تووشی تای دینگی دەبێت چەند نیشانەیەکی تێدا دەردەکەوێت وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و لاوازبوونی توانای جەستە و رشانەوە، هەروەها دابەزینی بەرچاوی کێشی جەستە.
پسپۆڕانی تەندروستیش ئامۆژگاری دانیشتووانی هەرێمەکانی باکووری پیرۆ دەکەن، رێکاری خۆپارێزی بەکاربهێنن و دووربکەنەوە لە خواردنی دەرەوە و رۆشتنە ناو دارستانەکانەوە، چونکە پەتاکە بەزوویی بڵاودەبێتەوە.