نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر مالیكی نیەتی خێری ھەبووایە داوای دەكرد بێتە ھەولێریش
سەردانی مالیكی بۆ سلێمانی كارێكی حزبییە، وەك خۆی گوتویەتی بۆ پێرۆزباییكردن لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان ھاتووە، تا ئێستا باسی نەكردووە بێتە ھەولێر ئەگەر داوا بكات سەردانی ھەولێریش ئێمە پێشوازی لێدەكەین
K24 - ھەولێر
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانی مالیكی بۆ سلێمانی رایگەیاند: "سەردانی مالیكی بۆ سلێمانی كارێكی حزبییە، وەك خۆی گوتویەتی بۆ پێرۆزباییكردن لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان ھاتووە، تا ئێستا باسی نەكردووە بێتە ھەولێر ئەگەر داوا بكات سەردانی ھەولێریش بكات ئێمە پێشوازی لێدەكەین".
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئەگەر مالیكی نیەتی خێرھەبووایە لە سەردانی بۆ ھەرێمی كوردستانی دەبوایە داوای بكردبا سەردانی ھەولێریشی بكات".
سەبارەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "تا ئێستا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری ئەوتۆی نەكردوەتە سەر داھاتی كوردستان، چونكە لەوكاتەدا ئێمە قەرزێكی زۆرمان لەسەر بووە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان".
نێچرڤان بارزانی لەبارەی رەوشی توركیا و كودەتای سوپای ئەو وڵاتە گوتی: "ئێمە خۆشحاڵین كە ئەو كودەتایە سەرنەكەوت و حكوومەتی توركیا كە دەسەڵاتی شەرعی ھەیە جێگیربووەتەوە".
لەبارەی چارەسەر بۆ كێشەناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان سەرۆكی حكوومەت رایگەیاند: "دەست پێشخەری لە لایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەیە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان راسپێردراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكان قسە بكات، تا ئێستا لەگەڵ چەند لایەنێك قسەی كردووە بڕیار وایە لەگەڵ بەڕێز كاك نەوشیروان و لایەنی دیكەی یەكێتی نیشتمانی قسە بكات بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخەی ھەرێمی كوردستان بدۆزینەوە".