بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپی ڤاگنەر ئێران پشتیوانی لە مۆسکۆ دەکات
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەو یاخیبوونه چەکدارییەی که لەلایەن گرووپی ڤاگنەر لە دژی سوپای رووسیا دەستیپێکردووە، رایگەیاند، تاران پشتیوانی لە مۆسکۆ دەکات.
ئەمڕۆ شەممە (24ــی حوزەیرانی 2023)، میدیای فەرمی ئێران، لە زاری ناسڕ کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "ئێران پشتیوانی لە سەروەری یاسا لە رووسیا دەکات و پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە بابەتی ناوخۆیی رووسیا دەزانێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاماژەدان بە پشتیوانیکردنی سەروەری یاسا راستەوخۆ مەبەستی لە مانەوە و پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی مۆسکۆیە دژ بە گرووپی ڤاگنەر.
ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنێکی هاوشێوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە تێیدا "پشتیوانی تەواوی" خۆی بۆ رووسیا راگەیاند لە بەرامبەر ئەو هەڵگەڕانەوە چەکدارییەی گرووپی ڤاگنەر لە دژی سوپای رووسیا.
ئەمە لە کاتێکدایە، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، جەنگی دژی سووپای رووسیا راگەیاند و وەزارەتی بەرگری رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری هەڵە لەسەر جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بڵاودەکەنەوە و هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ڤاگنەر.
پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانەی وتارەکەی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوەدا کە "وەڵامێکی توند" بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە "یاخیبوونی چەکدارییان رێکخستووە و لە شەڕدا چەکیان لە دژی هەڤاڵانیان هەڵگرتووە و خیانەتیان لە رووسیا کردووە".