ناتانیاهۆ: بژاردەی سەربازیی دژی ئێران تاکە رێگەیە بۆ کۆتایهاتنی گرژییەکان

کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە زاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا و لە میانەی گفتوگۆ ئەمنییەکاندا رایگەیاندووە: "هیچ رێگەیەک نییە جگە لە جووڵەی سەربازی دژی ئێران". ئەمەش لە کاتێکدایە پەیوەندییەکی چڕی سەربازی و هەواڵگری لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامە.

18ـی تشرینی دووەمی 2026، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، ناتانیاهۆ چوارشەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەستووە. ئەم کۆبوونەوەیە هاوکات بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران.

سەبارەت بە هەماهەنگییە سەربازییەکان، ئەفسەرێکی پلە باڵا بە کەناڵەکەی راگەیاندووە: "پلانی هاوبەش و پەسەندکراو لەنێوان سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەن و بۆ جێبەجێکردنیان چاوەڕوانی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دیاریکردنی کاتی گونجاو دەکەن".

چوارشەممەی رابردوو  براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ ئییال زامیر، سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل و رۆمان گۆفمان، سەرۆکی مۆساد کۆبووەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زامیر و کوپەر هەڵسەنگاندنێکی هاوبەشی دۆخەکەیان کردووە بە بەشداریی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، پلاندانان، هەواڵگری و هێزی ئاسمانی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سوپا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان و تەنگژە ئەمنییە هاوبەشەکان و قووڵکردنەوەی هەماهەنگییە ستراتیژی و ئۆپەراسیۆنییەکان کراوە. هەروەها جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیناریۆ جیاوازەکان کراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گۆفمان هەفتەی رابردوو سەردانی ئەمریکای کردووە بە مەبەستی رازیکردنی واشنتن بۆ بەشداریکردن لە هێرشێک دژی ئێران. بەپێی راپۆرتەکە، سەرۆکی مۆساد لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا کۆبووەتەوە و نوێترین زانیارییە هەواڵگرییەکانی پێشکەش کردوون، پێش ئەوەی بە یاوەری ستێف ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بەرەو مەیامی بەڕێکەوێت.

کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە هەفتەکانی رابردوودا راپۆرتەکان باس لە ناکۆکیی نێوان ناتانیاهۆ لەگەڵ سەرۆکی مۆساد و سەرۆک ئەرکان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، چوارشەممەی رابردوو بڵاویکردەوە، ئێران هەڵوێستەکانی خۆی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا توندتر کردووە، ئەوەش دوای دەرەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس.