فەهمی بورهان: بوونی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکات

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ویستێکی راستەقینە بۆ چارەسەری کێشەی جووتیارانی کەرکووک لەلایەن بەغداوە نابینین، لەبارەی پارێزگاری کەرکووکیش گوتی: بوونی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکات.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پشکەشی دەکات، رایگەیاند، لە سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان جووتیاران کێشەیان هەیە، هەروەها تاوەکو ئێستا یاساکانی حزبی بەعس لەو ناوچانە کاری پێدەکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، نیەتێکی جددی نییە لەلایەن حکومەتی عێراق بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک، بە پێێ یاساکانی ئەنجوومەنی سەورە داگیرکراوە، بەشێکی دیکە بە پێی بڕیاری کاروباری باکور بە واژووی عەلی حەسەن مەجید، زەوی لە کورد و تورکمان وەرگیراوتەوە دراوە بە عەرب.

ئاشکراشیکرد، بڕیارێک هەیە پێی دەوترێت بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012، کە هادی عامری جەخت لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکاتەوە، بەڵام ئەم بڕیارەش وەک پێویست لەلایەن حکومەتی عێراق جێبەجێ ناکرێت.

باسی لەوەشکرد، کێشەی جووتیارانی کورد بەشێکە لە کێشەی کورد لە کەرکووک، هەروەها لە کەرکووک کێشەی زمانی کوردی، خوێندنی کوردی و کێشەی جیاوازی خزمەتگوازری هەیە، هەروەها  کورد هاوبەشی پێنەکراوە لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەرکووک.

لەبارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140، فەهمی بورهان، گوتی:  ماددەی 140ـی دەستوور هەنگاوەکانی زۆر خاون و نییەتێکی جددی لەلایەن بەغداوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە نییە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پێویستە لیستێکی هاوبەشی کوردی هەبێت بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا، هەروەها ئومێدێک هەیە لە سەرکەردایەتی سیاسی کورد کە باشتر بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوە بە دیدی هاوبەش و یەک لیست بەشداریبکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێگاکان.

گوتیشی: بوونی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکات.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.