جەبار یاوەر: ساڵی 2023 کۆتا دەرفەتە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە

K24 – هەولێر:

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمەریکا و هاوپەیمانان پێداگری لە چاکسازی و یەکخستنی هیزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزەکانی دیکە دەکەن. هاوکات دەشڵێت: ساڵی 2023 کۆتا دەرفەتە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی ساڵانە هەیە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، هەموو ساڵێک  ئەو یاداشنامەیە نوێ دەکرێتەوە.

راشیگەیاند،  بەپێێ ئەو یاداشتنامەیە ساڵانە هاوکارییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە دەکرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاری راوێژکاری، مەشقپێکردن، چەک و تەقەمەنی، هەروەها مانگانە 20 ملیۆن دۆلار وەک مووچە دەنێرن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات یەکێک لە مەرجەکانی ئەو یاداشتنامەیە دەبێت هێزەکان پێشمەرگە یەکبخرێت و پڕۆسەی ریفۆڕم جێبەجێبکرێت.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، لە ساڵی 2018 پڕۆژەیەکی هاوبەش هەبوو لەنێوان ئەمیندارێتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا، کە 35 خاڵی ریفۆڕمیان بۆ پێشمەرگە خستەڕوو، لەو پڕۆژەیەش هاتووە دەبێت لەماوەی سێ تا پێنج ساڵ جێبەجێبکرێت، کە سەرەکیترین خاڵیان یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا و هاوپەیمانان گرنگیەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدەن، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی لە رووی جوگرافییەوە هەیە لە ناوچەکەدا، هەروەها بەرژەوەندییەکی باڵای ئەمەریکا و وڵاتان هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بە گشتی، ئەوان دەیانەوێت هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یەکگرتوو بێت، ئەوان نایانەوێت ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بەڕێوەبردبی حکومەت ببێتە ناکۆکییەکی چەکداری.

جەبار یاوەر، دەشڵێت: ئەمساڵ کۆتا دەرفەتە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەهۆی ئەوەی ئەگەر ئەمساڵ پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرێت، ئەمەریکا و هاوپەیمانان "بڕواناکەم جارێکی دیکە یاداشتنامەی لێکتێگەشتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو بکەن"، هەروەها ئەو کات "سەرجەم هاوکارییەکانیان دەوەستێنن بۆ هەرێمی کوردستان".

باسی لەوەشکرد، "ململانێی سیاسی هۆکارە بۆ سستبوون و راگرتنی پڕۆسەی یەکسختنی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم هیزەکانی دیکە"، هەروەها "دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان بێلایەن بن"، بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نایانەوێت پێشمەرگە بۆ ململانێی سیاسی بەکاربێت.