96 هەزار گەشتیار بۆ جەژنی قوربان سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆکیان کردووە
K24 - هەولێر
تا دوێنێ شەممە 96 هەزار گەشتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ جەژنی قوربان سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆکیان کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ئەو پارێزگایەش پێشبینی دەکات لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەکە زیاد ببێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، رێوار محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای جەژنی قوربان تا دوێنێ شەممە، نزیکەی 96 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیان کردووە و لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئاماری دیکە رادەگەیەنن.
وەکو ئەوەی رێوار محەممەد باسی کرد، پلانەکەیان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە جێبەجێبکراوە. هاوکات دەڵێت، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەیان کردووە، دانیشتووی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، بەشێکی دیکەشیان گەشتیاریی ناوخۆیین.
هاتنی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بە نزیكەی یەك لەسەر سێ زیادیكردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، نزیكەی 144 هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كردووە، كە ئەو ژمارەیە پێكهاتووە لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی عێراق و تەنانەت گەشتیاری وڵاتانی دیكەشی تێدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی گەشتیارن دەڵێت، ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بە نزیكەی یەك لەسەر سێ زیادیكردووە، ئەمەش بۆ ئەو پلانە دەگەڕێتەوە كە سەبارەت بە گەشتوگوزار گیراوەتەبەر.
لە حەوت رۆژدا زیاتر لە 113 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە
هاوکات ئەمڕۆ یەكشەممە؛ بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوو، بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە زیاتر لە 113 هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەریان کردووە.
بەڕێوەبەرایەنی راگەیاندن و بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاری سلێمانی روونیشیکردووەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری تۆمارکراو لە رێگەی بازگە و دەروازە سنوریەکان و فڕۆکەخانەوە، زیاتر لە 113 هەزار گەشتیاری وڵاتی عێراق و ئێران و بیانی بۆ کات بەسەربردن لە جەژنی قوربان و رۆژانی پێشتر و دواتری بۆنەکەدا، گەشتەکانیان بۆ سلێمانی و سەیرانگا و هاوینە هەوارەکانی ئەو شارە ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە: ژمارەیەکی پێوانەییمان لە هاتنی گەشتیاران تۆمارکردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە، هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیاران، "ژمارەیەکی پێوانەییە کە ئەمساڵ گەشتوگوزاری گشتیی پارێزگای هەڵەبجە تۆماریکردووە و زۆر دڵخۆشین بە تۆمارکردنی ئەم ژمارەیە."
لەو 100 هەزار گەشتیارەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە، وەکو ئەوەی چیا قاسم ئاماژەی پێ دا، "75 هەزار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و 25 هەزاری دیکەش گەشتیار و سەردانکەری ناوخۆیی بوون".