شاخەوان بەدەوی و فەرهەنگ غەفوور مەکەن مەنعی ئاشقانیان کلیپ کرد

K24 - هەولێر:
هونەرمەند "شاخەوان بەدەوی" دوای تۆمارکردنی دوو بەرهەمی گۆرانی لەگەڵ شوکور خەیات و سابیر کوردستانی، ئەمجارەیان دوێتێکی دیکەی بە ناوی مەکەن مەنعی ئاشقان لەگەڵ فەرهەنگ غەفوور کۆتایی پێهێنا و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیک بڵاوببێتەوە.
شاخەوان بەدەوی بۆ کوردستان24 دەڵێت: "دوای چەندین بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ هونەرمەندان، خۆم و هونەرمەند فەرهەنگ غەفوور بڕیارماندا، کە پێکەوە بەرهەمێکی دوێت بکەین، بیرۆکەکە هی من بوو مامۆستاش بە گەورەیی خۆی قبوڵی کرد".
گوتیشی: "ئەم بەرهەمە ئاوازی فەرهەنگ غەفوورە و لە وڵاتی تورکیا کاری میوزیکمان بۆکردووە لە ستۆدیۆی سەرکان تانیک لەگەڵ باشترین موزیکژنەکانەکانی ئەو وڵاتە کارم بۆکردووە و سەدەیەک لەمەوبەر شاعیری گەورە ئەحمەد کۆرە تێکستی ئەو بەرهەمەی نووسیوە لەژێر ناوی "مەکەن مەنعی ئاشقان" و محەمەد مەرزانی کاری دەرهێنانی بۆ کلیپەکە کردووە و بەندەش سینارێوی کلیپەکەی داڕشتووە و بە کامێرا جوانەکەی رێباز رواندزی گرتەکانی بەرهەمەکە وێنەگیراوە و چەندین ئەکتەر لەم کلیپە بەشدار بووە، تێچووی ئەم بەرهەمە لە تۆمارکردن و کلیپدا لە ئەستۆی خۆم بووە، بەم بەرهەمە دەبمە خاوەن چواردە بەرهەمی تۆمار کراو جیا لەو بەرهەمانەی، کە لە تیڤی شوێنەکانی دیکە گوتومە و سێیەم بەرهەمی دوێتی منە دوای هونەرمەندان مامۆستا شوکور خەیات و هونەرمەندی گەورە و کۆچکردوو مامۆستا سابیر کوردستانی".
بەدەوی ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕەفێکی گەورەیە دوای ئەو کەڵە هونەرمەندانە جارێکی تر لەگەڵ هونەرمەندێکی گەوڕەی وەک مامۆستا فەرهەنگ غەفوور گۆرانیەکی دوێتم هەبێت، ئەم بەرهەمە لە کوردستان کاری وێنەگرتنمان بۆ کردووە لە شارەجوانەکەی هەولێر لە داهاتووێکی نزیکدا ئەم بەرهەمە لە سەرجەم کەناڵەکانی کوردستان بڵاودەبێتەوە ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژ کردنی بەرهەمەکەین".