راپۆرتێک: مۆسکۆ لەپشت هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر سعوودیە بووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، راپۆرتێکی واشنتن پۆست و ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێس ئاشکرای کرد، مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانی رووسیا هاوکاریی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی حووسییەکانیان کردووە، بۆ ئەنجامدانی هێرشی ورد بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و نەوتیی سعوودیە.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیایەکی هەواڵگریی جوگرافیایی لە ژنێڤ، بەدواداچوونی بۆ 40 هێرش کردووە کە لە نێوان 1ـی تەممووز تاوەکو 19ـی ئۆکتۆبەر کراونەتە سەر سعوودیە؛ بەو پێیەی دەرکەوتووە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان چالاکیی مانگە دەستکردەکانی رووسیا و ئەو هێرشانەدا هەیە.
نەواف عوبەید، دامەزرێنەری کۆمپانیای ‘ئۆرۆرا’ بۆ هەواڵگریی سیگناڵی جوگرافیایی و توێژەری بەشی توێژینەوەکانی جەنگ لە کینگ کۆلێژ، لەم بارەیەوە رایگەیاند “ئەوەی دۆزیومانەتەوە ئەوەیە کە 100% هاوتایی لە نێوان چالاکییەکان و هێرشەکاندا هەیە.”
کۆمپانیای ئۆرۆرا 72 مانگی دەستکردی سیخوڕیی رووسیی لە کۆی زیاتر لە 11 هەزار ئامێری ئاسمانی دەستنیشان کردووە؛ چاودێریی رێڕەو و مانۆڕەکانیانی کردووە و بەراوردی کردوون بە چالاکییە سەربازییەکانی سەر زەوی.
هێرشکردنە سەر هێڵی بۆریی نەوت
لە 10ـی ئەیلوولدا، ژمارەیەک هێرشی درۆنی لە عێراقەوە سێ وێستگەی سەرەکیی پاڵاوتنی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات - رۆژئاوای سعوودیەیان بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر کردە ئامانج، کە ئەمەش بووە هۆی وەستانی هەناردەی نەوت، ئەو بۆرییە رێگەیەکی گرنگی بەدیل بوو بۆ گەیاندنی نەوتی خاوی سعوودیە بۆ بازاڕەکان، لەو کاتەی کە ئێران هێرشی دەکردە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
لە سەرەتای تەممووزەوە، کۆمپانیای ئۆرۆرا چاودێریی 11 مانگی دەستکردی رووسیی لە جۆری ‘کۆسمۆس 2600’ کردووە کە لەسەر ئەو سێ بەشەی بۆرییەکە چڕبوونەتەوە، لە هەفتەکانی پێش هێرشەکە و کاتەکانی دەوروبەریدا، فریکوێنسیی سووڕانەوەیان زیادی کردووە، کە ئەمەش نیشاندەری کۆکردنەوەی زانیارییە پێش و دوای هێرشەکان.
وردەکاریی هێرش بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شا فەهد
هەفتەیەک دوای هێرشەکەی سەر بۆرییەکە، بنکەی ئاسمانیی شا فەهد لە تائیف بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج کە لەلایەن حووسییەکانەوە هەڵدرابوون. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، فڕۆکەیەکی جۆری “یۆرۆفایتەر تایفون”ـی هێزی ئاسمانیی ئیتاڵیا زیانی پێگەیشتووە.
هێرشەکە بەوردی فڕۆکە جەنگییەکەی ئیتاڵیای پێکاوە، نەک فڕۆکەکانی سعوودیە کە لە هەمان بنکەدا بوون. ئەم دۆخە گومانی پاڵپشتیی هەواڵگریی زۆر تایبەتمەندی زیاتر کردووە، کە بە بڕوای نەواف عوبەید، حووسییەکان و ئێرانییەکان بە سەربەخۆیی ناتوانن بەدەستی بهێنن. کۆمپانیای ئۆرۆرا تۆماری کردووە کە لە ماوەی 72 کاتژمێری پێش و دوای هێرشەکاندا، مانگە دەستکردەکانی ڕووسیا لە ئاسمانی هەردوو ئامانجەکەدا 50% زیادبوونیان بەخۆوە بینیوە بەراورد بە مانگی تەممووز.
پەیوەندیی هێرشەکانی پێشوو
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکانی سعوودیە روونی کردەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە مانگە دەستکردەکانی رووسیا لە مانگی ئاداریشدا هاوکاریی هێرشەکانی ئێرانیان کردووە بۆ سەر “بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان” لە سعوودیە؛ کە تێیدا فڕۆکەیەکی چاودێریی ئەمریکی زیانی زۆری پێگەیشت، هەروەها هێرش بۆ سەر یەکەیەکی “سی ئای ئەی” لەناو کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز. ئەو مووشەک و درۆنانەی لەو هێرشانەدا بەکار هاتوون، پێکهاتەی رووسی و چینییان تێدابووە.
لێکۆڵینەوەکانی ئۆرۆرا لە هەموو ئەو 40 هێرشە مووشەکی و درۆنییەی کە لە نێوان 1ـی تەممووز و 19ـی ئۆکتۆبەردا کراونەتە سەر سعوودیە، هەمان نەخشەیان لە هەموو حاڵەتەکاندا دۆزیوەتەوە، مانگە دەستکردە سەربازی و حکومییەکانی رووسیا چەند رۆژێک پێش و دوای هەر هێرشێک بەسەر ناوچە ئامانجگراوەکاندا سووڕاونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە زانیارییە خاوەکانیان دەستبەسەردا نەگرتووە، بەڵام نەخشەیەکی یەکلاکەرەوەی جێگیربوونی مانگە دەستکردەکان و چالاکیی سیخوڕییان لە دەوروبەری ئامانجە ستراتیژییەکان پێش هێرشەکان سەلماندووە؛ کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی زانیاری بۆ ئامانجگرتن لەلایەن حووسییەکان و میلیشیاکانی عێراقەوە.
گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی سەربازیی ناوچەکەدا
نەواف عوبەید روونی کردەوە، هەمان نەخشەی مانگە دەستکردەکان لە پەیوەندی بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو ململانێیەی لە شوباتی 2026 دەستی پێکرد، دووبارە بوونەتەوە، گوتی “ئەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هاوسەنگیی سەربازیی ناوچەکەدا و سیستەمی هەواڵگری لە پشتی چەکەکەوە دەبێتە هێندەی خودی چەکەکە گرنگ.”
لە لایەکی دیکەوە، راید کەریمی، جێگری وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ دیپلۆماسیی گشتی، هەفتەی رابردوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئێران و حووسییەکان زانیاری لەلایەن گرووپێک لە رووسیا و چینەوە وەردەگرن، تەنانەت هەندێک جار لەلایەن لایەنی بازرگانیشەوە. لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا، کاتێک پرسیار لە بەرپرسانی رووسیا کرا، هیچ لێدوانێکیان نەبوو.