بێئاوی تهنگ به ئێران ههڵدهچنێت
له ساڵی 2040 دا 70%ی خاكی ئێران بێسوود دهبێت
K24 - ههولێر:
قەیرانی بێ ئاوی لە ئێران روو لە زیاد بوونە، كارناسانی ژینگە دەڵێن بەرپرسان بێ گوێدان بە ژینگەی ناوچەكه دەست دەكەن بە گواستنەوەی ئاو لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە.
ھەروەھا باس لەوە دەكرێ پرۆژەكانی دروستكردنی بەنداو ھەروا لە ئێران بەردەوامە، بۆیە خوێندنەوە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن تا ساڵی 2040، 33 وڵاتی جیھان تووشی قەیرانی بێ ئاوی دەبن و یەكێك لەو وڵاتانە، ئێرانە.
لەئێستاوە خەمی گەورەی ئێرانییەکان ساڵی 2025ه، زۆربەی لێکدانەوە فەرمییەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان باسی ئەوە دەکەن، کە لە 2025 قەیرانی کەم ئاوییەی ئێستای ئێران، دەبێتە کارەساتی بێ ئاوی.
به گوێرهی دوایین رووپێو 32 پارێزگای ئێران، گرفتی کەمئاوییان هەیە، 13 پارێزگاش قەیرانی نەبوونی ئاوی پێویستی خواردنەوەیان هەیە. بەرپرسانیش لەبەرزترین ئاستدا بەردەوام هۆشداری دەدەن.
عیسا کەلانتەری راوێژکاری یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ناوەندی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ لەبەیاننامەیەکدا گوتوویەتی ویستی دەسەڵاتداران بۆ سەربەخۆیی لە کەرتی کشتوکاڵ یەکێک لەهۆکارەکانی ئەو کەمئاوییەیە، هاوکات ئەو بەنداوانەی وەکوو سیمبولی پێشکەوتن سەیر دەکران، رووبارەکانیان وشک کردووە،و ئاوی بەنداوەکانیش بووەتە هەڵم،و نەماوە. ئەوانەو وشکەساڵی وایکردووە، کەئێستا تینووییەتی تەنگ بە ئێران هەڵچنێت.
ناوەند و باشووری ئێران لەئێستاوە مۆتەکەی پێشبینییەکانی 2025یان بەسەر هاتووە، لەرۆژهەڵاتی کوردستانیش پارێزگاکانی لووڕستان و ئیلام و کرماشان گرفتی جیدی کەم ئاوییان هەیە، ژمارەیەك لەگوندەکانیان بوونە دەبە بەدەست و هەڵوەدای ئاوی خواردنەوەن، دیارنییە حکومەتی ئێران دەتوانێ بەسەر یەکێک لەگەورەترین قەیرانەکانی سەدە سەربکەوێت، یان گەورەترین کۆچی تینووەکانی جیهان دەست پێدەکات.