کابینەی نۆیەم کۆتایی بە پاشکەوتی مووچە هێنا
K24 - هەولێر
سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی کۆتایی بە پاشکەوتی مووچە بهێنێت و لە هەمان کاتیشدا پڕۆژە ستراتیژییە خزمەتگوزارەکانیش جێبەجێبکات.
بیلال جەعفەر، لێپرسراوی هۆبەی دابەشکردنی مووچەیە لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی ئاوی هەولێر، ئامادەکردنی لیستی مووچە ئەرکی رۆژانەیەتی.
پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و لەسەرەتای کابینەکەشەوە جار بە جار لیستی مووچەی بە پاشکەوتەوە ئامادە دەکرد. ئەو لەدوای چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم ئیدی لیستی مووچەیەک ئامادە ناکات پاشکەوتی تێدابێت.
بیلال جەعفەر دەڵێت، "سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی داوە و پاشکەوتی مووچەی نەهێشتووە، هاوکات خۆشگوزەرانیش هێناوەتە ناو میللەت و هاوکاریان کردووە".
لە گەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم؛ قەیران لە دوای قەیران رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام ئەم قەیرانانە نەبوونە هۆی راگرتنی ئەو کارنامەیەی کابینەی نۆیەم بە هاووڵاتیانی راگەیاندبوو بە تایبەت دابەشکردنی مووچە.
هەڵگرتنی پاشکەوتی مووچە دەرئەنجامی جێەبجێکردنی یاسای چاکسازی و رێکخستنەوەی باج و چاکسازیەکانە کە دەرئەنجامەکەی زیادکردنی داهاتی بەدواوە بوو.
محەممەد سەعدەدین، بریاردەری لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکرد، بەبێ ئەوەی بەغدا پشکی بودجەی هەرێم بنێرێت، حکومەت بتوانێت مووچەی مووچەخۆران دابەشبکات و لە ئەنجامی سەرکەوتنی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دانوستاندنەکان، توانی پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 جێگیر بکات.
سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کورستان توانی کۆتایی بە پاشکەوتی مووچە بهێنێت، ئەم بەڵێنە چوارساڵ پێش ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا. ئێستا بێجگە لە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران بەبێ پاشکەوت، پڕۆژە ستراتیژییە خزمەتگوزارییەکانیش بەردەوامن.