رۆژنامەیەک: ململانێی زەیدی و حزبوڵڵای عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ئایا زەیدی لە رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵای عێراق بەردەوام دەبێت؟

لە نێوان هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و دزەپێکردنی راپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی جورفوسەخر، گرژییەکانی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و کەتیبەکانی حزبوڵڵا گەیشتوونەتە ئاستی تۆمەتبارکردنی ئاشکرا. هاوکات شارەزایانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە هەر پاشەکشەیەکی حکوومەت لە بەرامبەر گرووپە چەکدارەکاندا باجێکی قورسی لێ دەکەوێتەوە.

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ململانێی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کەتیبەکانی حزبوڵڵا توند بووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی گۆڕینەوەی تۆمەتی ئاشکرا، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ ئەو ئاستەنگە جیددییانەی رووبەڕووی حکوومەت دەبنەوە لە هەوڵەکانیدا بۆ تەواوکردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکی گرووپەکان.

قەیرانەکە دوای ئەوە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینی کە چەند راپۆرتێکی هەواڵگری دزەیان پێ کرا و تێیاندا کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە بەقاچاخبردنی هەزاران بەرمیل نەوت تۆمەتبار کرا کە لە ناوچەی جورفوسەخری باشووری بەغدا دەری دەهێنێت؛ ئەو ناوچەیەی نزیکەی دەیەیەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپەدایە و رێگەی بە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەداوە بچنە ناویەوە.

رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، حکوومەت لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی حەشدی شەعبی بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردن رەوانە کرد. لەو بارەیەوە سەعد مەعن، سەرۆکی شانی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رایگەیاند: هیچ لایەنێکی سیاسی یان گرووپێک لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە جورفوسەخردا بەشدار نییە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە قسەی بۆ رۆژنامەی «شەرقلئەوسەت کردووە، ناردنی لیژنەیەکی حکوومی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی لە لایەن کەتیبەکانی حزبوڵڵاوە لە جورفوسەخر، بە یەکەمین جووڵەی مەیدانیی حکوومەت لە ناو ئەو ناوچە قەدەخەکراوەدا دادەنرێت کە لە لایەن کەتیبەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2023ـدا، لە لایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دامەزرێنرا؛ ئەو کەسایەتییەی لە سەرەتای ساڵی 2020ـدا، کاتێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا یاوەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوو، لە لایەن ئەمریکاوە کوژرا.

سەرچاوەکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: تێگەیشتن لە توانا و هەژموونی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق دەبێت لە زانینی سروشتی پەیوەندییان بە پشتیوانە ئێرانییەکەیانەوە دەستپێبکات.

سەرەڕای نەبوونی ئامار و زانیاریی ورد لەبارەی ژمارەی چەکدارەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و جۆری ئەو چەکانەی هەیەتی، ئەو بەرپرسە سیاسییە جەخت دەکاتەوە، کە ئەستەمە بتوانرێت توانای سەربازیی ئەم گرووپە بە کەم سەیر بکرێت، چونکە خاوەنی جبەخانەیەکی کەم نییە لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی جۆر و قەبارەی ئەو جبەخانەیە بخاتە روو.

وێڕای قسەکردن لەسەر پاڵپشتیی ئێران بۆ کەتیبەکان، سەرچاوەکە دەڵێت: ئەو پاڵپشتییە تەنیا لە قۆناخەکانی سەرەتای دامەزراندنی گرووپەکەدا سنووردار بووە، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا دۆخەکە گۆڕاوە و ئێستا حزبوڵڵای عێراق یەک تۆڕی بەرژەوەندیی دارایی بەڕێوە دەبات، کە رەنگە وەبەرهێنان لە نەوت یان دزینی نەوت یەکێک بێت لە شێوازەکانی.

سەبارەت بە سنوورەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێستای نێوان حکوومەتەکەی عەلی زەیدی و کەتیبەکانی حزبوڵڵا، سەرچاوەکە جەخت دەکاتەوە کە دۆخەکە یەکجار مەترسیدارە و نیگەرانییەکی زۆری لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروست کردووە و، هەوڵێکی چڕوپڕیش هەیە کە لەلایەن سەرکردە شیعەکانەوە رابەرایەتی دەکرێت بۆ رێگریکردن لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لە نێوان هەردوو لادا.

 کۆبوونەوەی ئەندامانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەگای گرووپێکی چەکدار لە ناوچەی "جورفوسەخر" لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2026 

رووبەڕووبوونەوەی چەکداری

بەڵام ئایا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، لە رووبەڕووبوونەوەی ئێستای لەگەڵ کەتیبەکانی حزبوڵڵا تا کۆتایی بەردەوام دەبێت؟ عەقیل عەباس، شرۆڤەکاری سیاسی بە رۆژنامەکەی گوت: پێم وایە زەیدی لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی گرووپەکاندا هەنگاوێکی بڕیوە کە هیچ سەرۆکوەزیرانێکی پێشووتری عێراق پێش ئەو نەیبڕیوە.

ئاماژە بەوەش کرد، زەیدی تەنیا بە چوونە ناو رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ یەکێک لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکان نەوەستاوە، بەڵکو دۆسیەکانی گەندەڵیشی لە ناوچەیەکی هەرە هەستیاری وەک جورفوسەخر لە رووی جوگرافی و سیاسییەوە ئاشکرا کردووە.

ئەو شرۆڤەکارە پێی وابوو، بڕیاری رووبەڕووبوونەوە بە کردەیی دراوە، بەڵام رەنگە شێوازی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە جیاواز بێت. وا دەردەکەوێت رۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی و توانای بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی روون لە پاشەکشەدا بن؛ چونکە رۆڵە تەقلیدییەکەی وەک نێوەندگیر لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و سەرۆکی حکوومەتدا چیدیکە بە کاراییەکەی پێشووی نەماوە.

عەقیل عەباس، ئەوەی لەم دواییانەدا لە نێوان حکوومەت و حزبوڵڵای عێراق رووی داوە، بە پێشهاتێکی نوێ و گرنگ دەزانێت، بەهۆی شکاندنی وێنەیەکی باوەوە کە بۆ چەندین ساڵ بەسەر رووداوە سیاسییەکانی عێراقدا زاڵ بوو، کە یەکێک لەوانە ئەوە بوو هەر سەرۆکێکی حکوومەت رووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە، لە دەسەڵات دەخرێت.

 

پاڵپشتیی ئەمریکا و دەسەڵاتی دادوەری

بە پێی بۆچوونی عەباس، جووڵەکانی ئەم دواییەی زەیدی پشت بە دوو فاکتەری سەرەکی دەبەستن؛ یەکەمیان پەیوەستە بە بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریکا لە ساتەوەختێکی لاوازی و شڵەژانێکی زۆر تونددا کە ئێران تێیدا دەژی، دووەمیشیان پەیوەستە بە بوونی پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری، ئەم دوو فاکتەرە جیاوازییان لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا دروست کردووە.

هاوکات دەڵێت: لە ژێر رۆشنایی داتا و ئاماژەکانی ئێستا، وا دەردەکەوێت سەرۆکی حکوومەت لە پێگەیەکی بەهێزتردایە لە کەتیبەکانی حزبوڵڵا، ئەمەش لە خۆیدا پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێشە لە دیمەنی سیاسەتی عێراقدا، بەڵام پاشەکشەکردن بۆ ئەو قورس دەبێت و، ئەگەری زۆرتر ئەوەیە رووبەڕووبوونەوەکە بە سەودایەکی سیاسی لە نێوان هەردوو لادا کۆتایی بێت بۆ خۆلادان لە شکستی یەکێکیان.

ئەندامانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکوومی لەنێو ناوچەی "جورفوسەخر" لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2026 

ستراتیژییەکی ناڕوون

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەیاد عەنبەر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا، بڕێک لە گومان سەبارەت بە دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپەکان و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەتیبەکانی حزبوڵڵا پیشان دەدات و بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی گوت: ستراتیژیی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هێشتا ناڕوونە، بۆیە پەنا دەباتە بەر تاکتیکی کاتی و پەیوەست بە بارودۆخەوە، کە بە پێی سروشتی هەڵوێست و کاردانەوەکان دەگۆڕێن.

دەشڵێت: وا دەرناکەوێت پلانێکی روون و ئاشکرا، یان ستراتیژییەک هەبێت کە قۆناخی دیاریکراو لەخۆ بگرێت، لە شێوەی پلانی (a) یان (b)، بەقەد ئەوەی دەبینین rێکاری کاتی دەگیرێنە بەر کە کاردانەوەی گرووپە چەکدارەکانیان بەدوادا دێت و زۆرجاریش بە هێورکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان کۆتاییان دێت.

عەنبەر پێی وایە هەموو ئەمانە بەسەر دوایین ئامرازی فشاردا جێبەجێ دەبن کە حکوومەت پەنای بۆ بردووە، ئەویش بریتییە لە فشاری ئابووری.

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد، رووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییە لەگەڵ کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق و پرسی چەکداماڵینی گرووپەکان زیاتر بووەتە ماددەیەک بۆ مشتومڕی سیاسی و نمایشکردنی هێز، نەک گفتوگۆیەکی جیددی لەبارەی کێشەیەکی راستەقینەوە.

هەروەها جەختی کردەوە، کە لاوازی دەوڵەت بە ناچاری رەنگدانەوەی لەسەر سیستەمی ئەمنی و فرەناوەندیی هەژموون و کۆنترۆڵ دەبێت. لە سایەی بوونی دەرەبەگایەتیی سیاسیدا، بۆچی ئەوەی خاوەنی چەکە هەوڵ نەدات لە لایەن خۆیەوە ببێتە دەرەبەگێکی ئەمنی؟ پێم وایە ئەم خاڵە وەڵامێکی روون لە بارەی لایەنێکی سەرەکیی کێشەکەوە دەخاتە روو.