رووماڵ

وەزارەتی شارەوانی: لە کابینەی نۆیەم پرۆژەکانمان لە هەموو شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی جێبەجێ کردووە

نزار تەمەر
نزار تەمەر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەم هەوڵدراوە بەپێی توانا و ئەو داراییەی بەردەست چەندین پرۆژەی گرنگ جێبەجێبکرێت، وەک پرۆژەکانی 100 مەتری سلێمانی و پڕۆژەی شەقامی بارزانی لە دهۆک.

نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەرەتای کابینەی نۆیەم هەوڵدراوە بەپێی توانا و ئەو پارەیەی لەبەر دەستە، پرۆژەکان بچێتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سوودی لێوەربگرن، بۆیە زۆرێک لە پرۆژەکان بەپێی داهاتی بەردەست جێبەجێ کراون.

باسی لە پڕۆژکانی شارەکان کرد و گوتی: ئەو پرۆژانەی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بوون، دابەشبوونە بەسەر هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەو پرۆژانەی لەسەرداهات جێبەجێکراون زیاتر لە 1931 پڕۆژە لە شارەوانییەکانی سلێمانی جێبەجێکراوە، زیاتر لە 1876 پڕۆژە لە شارەوانییەکانی دهۆک جێبەجێکراون، زیاتر لە 185 پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێکراوە، ئەوانەی تەواویش نەبوونە تەواو دەکرێن، هەروەها لە گەرمیان 681 پڕۆژە جێبەجێکراوە، لە شارەوانی هەولێریش 1639 پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک جێبەجێکراوە.

دەشڵێت: ئەو پرۆژانەی لەسەر قەرز جێبەجێمان کردووە، وەک پڕۆژەی 150 مەتری هەولێر، کە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارمان تێدا خەرج کردووە، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو بەپێی پێویستی ناوچەکان، وەک گۆپتەپە، چەمچەماڵ، ئاکرێ، گوندەکانی بارزان و ئاوی رانیە.

ئاماژەی بەوەشکرد: پڕۆژەی 100 مەتری سلێمانی یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گەورەکانی حکومەت، هەروەها یەکێک لە پڕۆژە گەورەکان کە لە دهۆک جێبەجێکراوە، پرۆژەی شەقامی بارزانە.

راشیگەیاند، زۆربەی پرۆژەکانی پێشوو لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێکرابوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی زۆربەی پرۆژەکان وەستابوون، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، یەکەم خاڵ چاکسازی کردن بوو لە هەندێک لەو پرۆژانە و دووبارە دەستپێکردنەوەیان، چونکە هەندێک لە پرۆژەکان باشبوون، هەندێکیان کەموکورتیان هەبوو.

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: ئێمە لەو کابینەیە، هەر پرۆژەیەک لە هەرشوێنێک پێویست بووبێت و بەپێی توانای دارایی، هەوڵمان داوە ئەو پڕۆژەیە بچیتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواوبکرێت، بۆیە ئێمە سەیری ناوچەکان ناکەین، بەڵکو سەیری پێویستییەکان و دارایی بەردەست دەکەین.

لەسەر سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، بۆیە ئێستاش ئەو پرۆژانەی پارەی زۆری تێدەچێت، سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆییە، هەروەها لەم دواییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیی ئاو چەندین پرۆژە لەم سێکتەرە راگەیەندراوە.