هاتوچۆی هەولێر: ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی لافاوەکە سەرپێچییان کردووە دەبەخشرێن

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەمشەو سەرپێچییان کردووە دەبەخشرێن و سەرپێچییەکانیان بۆ هەژمار ناکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر راگەیاند، تیمەکانیان لە شەوی رابردووەوە بەردەوامن لە دەرهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوی بارانەوە ژێرئاو کەوتوون و بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لە شەقامەکاندا.

عەقید هێمن حەمەد روونیکردەوە کە ژێر پردی نزیک نەخۆشخانەی رزگاری یەکێک بووە لەو شوێنانەی زۆرترین ئاوی لێ کۆببووەوە، بەڵام دوای ئەوەی غەواسەکانی شارەوانی مەجرای ئاوەڕۆکانیان کردەوە، ئاستی ئاوەکە دابەزیوە.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاشکراشی کرد کە دوای دەرهێنانی چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامری و ئۆتۆمبێلی دیکە، لە ئێستادا تیمەکان بە بەکارهێنانی درۆن پشکنین دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکە لەژێر ئاودا نەماوەتەوە.

سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان و کاتی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەقامەکان، عەقید هێمن گوتی: "تیمەکان لە کارکردندان و دوای کۆتاییهاتنی تەواوی کارەکان، راپۆرتی فەرمیی زیانەکان بەرز دەکرێتەوە بۆ پارێزگا و وەزارەتی ناوخۆ و لەوێوە بڵاودەکرێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان بە هەماهەنگی کار دەکەن بۆ ئەوەی دوای دەرهێنانی ئۆتۆمبێلەکان، تیمەکانی شارەوانی دەست بە پاککردنەوەی شەقامەکان لە قوڕ و لیتە بکەن و هاتوچۆ بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

لەبارەی سزادانی ئەو شۆفێرانەی لە شەقامە خێراکانی وەک 120 مەتری بەهۆی لافاو و بۆ دەربازبوون بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقام رۆیشتوون، عەقید هێمن روونیکردەوە کە کامێراکانی چاودێری بە شێوازێکی رۆبۆتی کار دەکەن و دۆخی لەناکاو لێک نادەنەوە، بۆیە سەرپێچییەکانیان تۆمار کردووە. ناوبراو جەختیکردەوە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر لێخۆشبوون لەو سزایانە لە دەسەڵاتی پارێزگا و وەزارەتی ناوخۆدایە، ئەوەش دوای ئەوەی راپۆرتی تایبەت بە کاریگەرییەکانی لافاوەکە بەدەستیان دەگات؛ هاوکات دڵنیاییشی دا کە لەو کاتەی بارانە بەخوڕەکە دەستی پێکردووە و هەموو شەقامەکانی گرتووەتەوە تا ئەو کاتەی کۆتایی هاتووە، سەرپێچییەکان هەژمار ناکرێن.

هەر لە لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسی لە پرسی تابلۆ ونبووەکان کرد و گوتی: "ئێمە لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیای خۆمانەوە راگەیەندراومان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوانەی کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان بەهۆی لافاو و بارانەکەوە ون کردووە، داواشمان کردووە هەر هاووڵاتییەک وەک ئەرکێکی سەرشانی و دڵسۆزیی خۆی، هەر تابلۆیەکی دۆزییەوە پەیوەندی بە ژمارە 440ـەوە بکات یان پەیوەندی بە تیمەکانی هاتوچۆی سەر شەقامەکان و نزیکترین بنکەی هاتوچۆوە بکات."

لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە هاووڵاتییان کرد و گوتی: "خۆشبەختانە هاووڵاتییانی شاری هەولێر بەدەنگمانەوە هاتن و ژمارەیەکی زۆر تابلۆی ئۆتۆمبێل کۆکراوەتەوە و دۆزراوەتەوە، دەستخۆشییان لێ دەکەین بۆ ئەو خەمخۆرییەی هەیانە بۆ هاونیشتمانیانی خۆیان." هەروەها راشیگەیاند کە دوای تەواوبوونی کارەکانیان، ژمارەی تابلۆکان لە دەزگا میدیاییەکاندا بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان سەردانیان بکەن و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان وەربگرنەوە.