کوردستان فاوندەیشن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکەن
هەردوو رێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن" و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیاریان دا هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر بکەن.
دوای لافاوەکەی دوێنێی شاری هەولێر (شەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026)، هەردوو دەزگای "کوردستان فاوندەیشن" و دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایانگەیاند، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی ئەو رووداوە دەکەن.
کوردستان فاوندەیشن کە لە لایەن ئارین مەسرور بارزانییەوە دامەزرێنراوە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، خۆبەخشەکانیان بە شێوەیەکی مەیدانی یارمەتیی زیانلێکەوتووانیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا، دەزگاکە سوپاسی ئەو خۆبەخش و کەسانەی کرد بێ ئەوەی داوایان لێ بکرێت، بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان چوونەتە پێشەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، ئەم جۆرە رووداوانە سروشتی هاوکاری و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردی دەردەخەن.
لە هەمان کاتدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هاوکاریی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر دەکات و تیمەکانیان لە خزمەتی هاووڵاتییاندان.
شەوی رابردوو لافاو بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژمارەیەک گەڕەک، خانوو و موڵکی هاووڵاتییان لە هەولێر. بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانیش چەندین تیمی فریاکەوتن و خۆبەخش چوونەتە مەیدانەکە.
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026ەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی شاری هەولێر و ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان مستەفای تەمەن پێنج ساڵان بوو، ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵ بوو لە کاتی رزگارکردنی خەڵکدا خنکا.
بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و رەخساندنی دەرفەت بۆ تیمەکانی شارەوانی بۆ خاوێنکردنەوەی شەقامەکان، پارێزگای هەولێر بڕیاری دا رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەم لە سەرجەم باخچە، قوتابخانە و زانکۆکان پشووی فەرمی بێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرجەم تیمەکانی فریاگوزاری و قەیرانەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەمکردنەوەی زیانەکان.