ئایدن مەعروف: کابینەی نۆیەم بەبێ جیاوازی خزمەتی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە

ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێم
ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێم

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، ئێستا هەموو وەڵاتان ستایشی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ جاری یەکەم لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتێک بۆ خزمەتکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دامەزرێندرا.

وەکو ئەوەی وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دامەزراندنی ئەو وەزارەتە، بۆ گرنگیدان و خزمەتکردنی زیاتری پێکهاتەکان و پەرەدان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە، نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بووە و ئێستا هەموو وەڵاتان ستایشی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

بەگوتەی وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام بەدواداچوون بۆ رەوشی پێکهاتەکان دەکات و بەردەوام کاری لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان دەکات. ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنی وەزارەتی کاروباری کاروباری پێکهاتەکان ئەزموونێکی نوێ بوو لە مێژووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەڵام سەرکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە.

ئایدن مەعروف روونیدەکاتەوە، وەکو وەزارەتی کاروباری پێکهاتەکان، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی پێکهاتەکان و چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکانیان، سەردانی سەرجەم ناوچە و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و دووپاتیشی دەکاتەوە، پێکەوەژیانێکی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و ئەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازییەکی زۆر باشی لێ دەکرێت.

وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەری خۆیان لە نێو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەیان قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە خوێندن تیاندا بە زمانەکانی، تورکمانی، سریانی و کلدانییە. ئەمەش دەرئەنجامی بەرنامە و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمە بۆ خزمەتکردنی زیاتری پێکهاتە و نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی بڕگەی (1 و 5)ی ماددەی (56)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ـی هەموارکراو لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزایرانی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاساییی ژمارە (13)ی 24-5-2010 بڕیاری دەڕچوواندنی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی دا. هەروەها یاسای ژمارە (4)ی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە ساڵی 2010 دەرچوو، ئەم یاسایە پێگەیەکی تایبەتی مافی پێکهاتەکانی لەخۆ گرت و باس لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

پێکهاتە ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی به‌شێکی گرنگ و پێکهاته‌یه‌کی له‌مێژینه‌ی کوردستانن که‌ بۆ هه‌زاران ساڵه‌ لە ناوچە جیاوازه‌کانی کوردستان ژیاون، به‌ها و که‌لتوور و بنه‌ما ئاینی و شوێنگه‌ی جوگرافییان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا پارێزراوه‌.