به ڤیدیۆ: ساتی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامه‌نووسێك
له ناوه‌ڕاستی پایته‌خت ده‌ته‌قێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامه‌نووسێك له ناوه‌ڕاستی شاری "كییڤ" ی پایته‌ختی ئۆكرانیا ده‌ته‌قێته‌وه ،و ڕۆژنامه‌نووسه‌كه گیانی له ده‌ستدا.
ڤیدیۆیه‌ك له یوتیوب بڵاوكراوه‌ته‌وه، ساتی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامه‌نووسی دیاری ئۆكرانی "پاڤڵ شیریمیت" نیشان ده‌دات، له‌وكاته‌ی له ناوه‌ڕاستی پایته‌ختدا به‌هۆی بۆمبێكی چێنراو، ڕۆژی چوار شه‌ممه 20/7/2016 ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌ته‌قێته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه پێگه‌ی "ئۆكراینسكایا براڤدا" كه ڕۆژنامه‌نووسه‌كه له‌گه‌ڵیان كارده‌كات، ڕوونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه ئۆتۆمبێلی "یلینا بریتۆڵا" ی سه‌رۆكی پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌یه، و رووداوه‌كه له شه‌قامی "بوگدان خمیلنیتسكی" و "ئیڤان فرانكۆ" له كییڤ ڕوویداوه.
وته‌بێژێك به ناوی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ش ڕایگه‌یاندووه" كه بۆمبێكی چێنراو به ئۆتۆمبێلێكدا ته‌قیووه‌ته‌وه كه ڕۆژنامه‌نووسێك لێخوڕیووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه " پاڤڵ شیریمیت" له ساڵی 1971 له شاری "مینسك" له دایكبووه، و ساڵی 1998بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك هه‌واڵنێری تایبه‌ت له به‌شی هه‌واڵی كه‌ناڵی یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی گشتی ڕووسیا ده‌ستی به كار كردووه، و له ساڵی 1999 بووه به به‌رپرسی تۆڕی هه‌واڵنێرانی كه‌ناڵه‌كه.
ماوه‌ی " 5 " ساڵه له شاری "كییڤ" ی پایته‌ختی ئۆكرانیا ده‌ژی و له ڕۆژنامه‌ی " ئۆكراینسكایا براڤدا" و ڕادیۆی "ڤیستی" كار ده‌كات.