زاخۆ؛ لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ کەسێک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکەش بریندارن
K24 - هەولێر
لە ئەنجامی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە زاخۆ، لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت، کەسێک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکەش بریندارن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تەممووزی 2023، ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە نزیک تونێلی زاخۆ؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکەش بریندارن و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
بەگوتەی ئەمیر عەلی، رووداوە هاتووچۆوەکە نزیکەی کاتژمێر 10:30ـی بەیانی ئەمڕۆ لە نێوان بارهەڵگرەکێکی جۆری (کیا) و ئۆتۆمبێلەکەی تایبەتی جۆری (مێرسیدس) روویداوە، بارهەڵگرەکە زیاتر لە 30 سەرنشینی هەڵگرتبوو و لە بەرامبەردا سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکەی دیکە، دانیشتووی سەنتەری شاری زاخۆن.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، سەرنشینی بارهەڵگرەکە بووە، ناوی (نەزار لەزگین خدر)ـە، تەمەنی 30 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24، کە لە شوێنی رووداوەکە ئامادەیە، سەرجەم سەرنشینەکانی بارهەڵگرەکە ئاوارەی قەزای شنگال بوون، کرێکارن و بەرەو کار دەڕۆیشتن.
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) July 13, 2023
وێنە: رەمەزان ساڵح - کوردستان24 pic.twitter.com/l0vfH1h9Mv