لە هەولێر پێنج کەس بە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆی نەشیاو دەستگیرکران

K24 - هەولێر

هێزەکانی ئاسایشی هەولێر پێنج کەسیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی نەشیاو دەستگیر كردن.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: "لەلایەن هێزەکانمان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، پێنج تۆمەتبار بە ناوەکانی (م، ح، س)، (ف، ع، ع)، (ک، ی، د)، (أ، ن، ش) و (ڕ، خ، س) دەستگیركران کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تایبەت لە (تیکتۆک، تێلیگرام و فیسبووک) هەڵساون بە تۆمار کردن و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی نەشیاوی چەند هاووڵاتییەك لە هەردوو ڕەگەز، دواتر لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییە نەشیاوەكانی هەر کەسێک، داوای بڕێک پارەیان کردووە".

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: "هاوكات لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)ەوە خۆیان لە خەڵکانی بە تەمەن کردووە بە ئافرەت و سەرنجیان راکێشاون و گرتەی ڤیدۆیی نەشیاویان پێ تۆمار کردوون، بەم هۆیەشەوە توانیویانە بڕێکی زۆر پارە وەربگرن. بۆیە دوای دەستگیركردنیان، رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیرایە بەر".

 داواش لە هاووڵاتیان دەکات: "خۆیان لەو جۆرە پەیوەندییانەی بە دوور بگرن کە بە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ كەسانێك دروستیان کردووە، كە جێی گومانن و متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن تاوەكوو نەبنە قوربانی و گیرۆدەی ئەم حاڵەتانە نەبن".