راگەیاندنی پارێزگای هەولێر: رەزامەندی درا بە خەرجکردنی 200 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر

K24 – هەولێر:

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر رەزامەندی درا بە خەرجکردنی بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی قه‌ڵاتى هه‌ولێر.

لەمیانەی راگەیاندراوێکدا پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر رەزامەندی درا بە خەرجکردنی بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی قه‌ڵاتى هه‌ولێر، جگە لەو بودجە دیاریکراوەش لە ئێستادا دوای ژێرخاککردنی کارەبای قەڵات لە پێناو جوانتر نیشاندانی سیمای جوانی قەڵات و ئەو شوێنەوارە، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەى شەقامى سەرەکى نێو قەڵات.

لە راگەیاندرەوەکەی پارێزگای هەولێر، ئاماژە بەوەکراوە، لە ماوەیەکی نزیکدا لەسەر قەڵای هەولێر چەندین رێستورانت و چێشتخانە و کافێ دەکرێتەوە و بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری نێو سەنتەری شاری هەولێر.

قەڵای هەولێر بازنەیی رووتەختە، رووبەری 102هەزار و 190 مەتر دووجایە، کەوتووەتە نێوەڕاستی شاری هەولێر، 415مەتر لەئاستی رووی دەریا بەرزە و  26مەتر و 25 سانتیمەتر لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەزرترە، كە لە بەرزترین شوێنی، دەگاتە نزیكەی 30 مەتر، هەروەها قەڵای هەولێر خاوه‌نى شێواز و ته‌لارسازى و كاره‌كته‌رێكى بیناسازی گرنگه‌ و به‌ درێژایی 6000 هه‌زار ساڵ شوێنى نیشته‌جێبوون بووە.

Fly Erbil Advertisment