کۆمپانیاییەکی کیمیایی لە ئەمەریکا تەقییەوە

K24 - هەولێر

کۆمپانیای "داو"ی کیمیایی ئەمەریکی رایگەیاند، درەنگانی رۆژی هەینی ئاگر لە دامەزراوەی کۆمپانیاکە لە شاری پلاکومین لە ویلایەتی لویزیانا کەوتەوە.

کۆمپانیای "داو"ی کیمیایی لە راگەیەندراوێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئاگاداری چارەنووسی سەرجەم کارمەندانی دامەزراوەکەن و سەنتەری ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری کۆمپانیاکە مامەڵە لەگەڵ ئاگرەکەدا دەکات.

لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە لانیکەم شەش تەقینەوە لە کارگەی کیمیایی داو روویداوە.

بەرپرسانی ناوخۆیی ویلایەتەکە رایانگەیاندووە، درەنگانی شەوی هەینی، کۆمەڵگەی کیمیاییە زەبەلاحەکەی داو ئاگری گرتووە و چەندین تەقینەوەی تێدا روویداوە، بەوهۆیەوە نزیکەی 350 خێزانی نزیکیان ناچارکردووە لەناو ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردەن.

لاندۆن گرۆگەر گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وێست باتۆن رۆج رایگەیاندووە، تیمەکان هێشتا خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن لە باڵەخانەکە، هەرچەندە هیچ دزەیەکی کیمیایی دەستنیشان نەکراوە.

ماڵپەڕی ئەدڤۆکێت لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، کە رووداوەکە لە یەکەی "گایلکۆل 2" روویداوە، کە مامەڵە لەگەڵ ماددەی کیمیایی بەهێزی سووتێنەر و شێرپەنجەیی دەکات "ئەکسید ئیسلین".

تا ئێستا هیچ گیانلەدەستدان و بریندارێک نەبووە و تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە دیار نییە.