کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر: گوڵەنییەکان مەترسین بەسەر ئەو وڵاتانەی تێیدا چالاکن

محەممەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر
محەممەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

لە یادی حەوت ساڵەی کوردەتا سەرنەکەوتووەکەی 15ـی تەمموزی 2016، کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا یادی قوربانیانی ئەو رووداوە دەکاتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، قوربانییەکانی ئەو رووداوە لەپێناو پاراستنی دیموکراسی و داهاتووی وڵاتەکەیان، گیانی خۆیان بەختکرد.

کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، لە رووداوەکەی شەوی 15ـی تەمموزی 2016ـدا، 251 هاووڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و جەخت لەوەش دەکاتەوە، وڵاتەکەی قوربانیانی ئەو شەوە لەیادناکات و سوپاسی بریندارەکانیش دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023)، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، بزووتنەوەی گوڵەنییەکان مەترسین بەسەر ئەو وڵاتانەی کە تێیدا چالاکن و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو بزووتنەوەیە ستراتیژی کارکردنی گۆڕیوە.

محەممەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی هەوڵی کودەتای 15ـی تەمموز کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و رایگەیاند، بزووتنەوەی گوڵەنییەکان ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە و چاڵاکییەکانیان لەدەرەوەی تورکیا چڕ کردووەتەوە.

کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر گوتیشی، "بەر لە 15ـی تەمموز دەستمان بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە بەدکارە کردبوو. ئەمڕۆش لەسەر ئاستی تورکیا و ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەیان، لە تورکیا ئەنجامێکی باشمان بەدەستهێناوە و تا ئاستیکی باش کۆتاییمان پێهێناون، بۆیە ناچاربوون بە گۆڕینی ستراتیژی خۆیان و چاڵاکییەکانیان لەدەرەوەی تورکیا چڕ کردووەتەوە. بۆیە رووبەڕووبوونەوەی فەتۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەکێکە لە کار و بابەتە هەرە لەپێشینەکانی تورکیا. دەمەوێت بەتایبەتی ئاماژە بەوە بدەم فەتۆ تەنیا مەترسی نییە بەسەر تورکیا بەڵکو مەترسییەکی جددی و  ئەمنییە بۆ ئەو وڵاتانەی کە تێیدا چاڵاکن".

شەوی 15ـی تەمموزی 2016، لە هەوڵێکدا بۆ کودەتا بەسەر حکومەتی تورکیا کە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان پێکهێندراوە، ژمارەیەک لە سەرباز بە سەرکردایەتی چەند ئەفسەر و ژەنەراڵێکی پێشووی سووپا، سەرکەوتوونەبوون کە دواتر حکومەتی تورکیا بزووتنەوەی گوڵەنییەکانی بە سەرۆکایەتی فەتحوڵڵا گوڵەن تۆمەتبارکرد و سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بەو بزووتنەوەیە داخست و ئەندامەکانی کە پەیوەندیداربوون بەو رووداوە، دەستگیرکرد.

هەروەها فەتحوڵڵا گوڵەنی سەرۆکی ئەو رێکخراوە کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژیت و لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی سەرکردەی ئەو جوڵانەوەیە لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین، لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون و تائێستا رادەست نەکراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment