ئاسایشی هەولێر 10 بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرد

بەشێک لە تۆمەتباران دوای دەستگیرکردنیان لە ئاسایشی هەولێر
بەشێک لە تۆمەتباران دوای دەستگیرکردنیان لە ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا لە ماوەی دوو رۆژ، توانی 10 تۆمەتبار بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، لەکاتی کڕین و فرۆشتن بە ماددەکانەوە دەستگیرکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کەمتر لە ماوەی دوو رۆژدا، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر 10 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەکاتی ئەنجامدانی کڕین و فرۆشتن بە ماددەکانەوە، دەستگیرکردووە.

ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24 لەمیانی بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەو 10 تۆمەتبارە رایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە هەماهەنگی ئاسایشی سۆران دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و دەمانچە و بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و تلیاکدا گیراوە، هەروەها بڕێک پارە و کەلوپەل کە بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێندرێت، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستیبەرسەردا گیراوە.

ئەو تۆمەتبارانە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە بەپێی رێکارە یاساییەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سزا دەکرێنەوە.

هاوکات دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەپێی یاسا رووبەرووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان سزای تۆمەتباران زیاتر دەکات، ئەگەر هاتوو ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، ئەوا سزاکانیان دەگاتە زیندانی هەتا هەتایی.

لە ماوەی رابردوو ‌‌هێزەکانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، هەفتەی رابردووش چوار گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستگیرکران.

بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە. هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر.

بەپێی ئامارەکانیش کە پێشتر کوردستان24 بڵاویکردووەتەوە، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.