رووداوێک میسر دەهەژێنێت.. دایکێک بە هۆکارێکی سەیر منداڵەکانی ژەهرخوارد دەکات

پۆلیسی میسر
پۆلیسی میسر

K24 - هەولێر

لە میسر ژنێک بە ژەهرخواردکردنی هەر سێ کوڕەکەی ویستوویەتی "تۆڵە" لە هاوسەری پێشووی خۆی بکاتەوە. ژنەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و هاووڵاتییانی میسریش داوا دەکەن دادگا سزایەکی توندی بدات.

میدیاکانی میسر بڵاویانکردووەتەوە، دوای ئەوەی دوو هاسەر لە یەکدی جیابوونەتەوە و ناکۆکی لەبارەی چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان کەوتووەتە نێوانیان؛ ژنەکە بۆ ئەوەی "تۆڵە لە هاوسەری پێشووی خۆی بکاتەوە" هەر سێ کوڕەکەی ژەهرخوارد کردووە و کووشتوویەتی.

میدیاکانی میسر ناو و زانیاریی ئەو منداڵانەیان بڵاوکردووەتەوە کە گیانیان لە دەستداوە؛ (ا.ح.)ـی تەمەن شەش ساڵ؛ (ر.ح.)ـی تەمەن هەشت ساڵ و (ب.ح)ـی تەمەن 10 ساڵ، بوونەتە قوربانی ناکۆکیی نێوان دایک و باوکیان و، لەلایەن دایکیانەوە ژەهرخوارد کراون.

رووداوەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو 16ـی تەممووزی 2023، لە شاری سۆهاگی میسر روویداوە و چیڕۆکەکەی بەم شێوەیە بووە؛ سەرەتا ژنەکە پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و پێیانی گوتووە، "منداڵەکانم بە هەڵە حەبی ژەهراوییان خواردووە و گیانیان لەدەستداوە"، بەڵام دواتر لیکۆڵینەوەکانی هێزەکانی پۆلیس قسەکانی ژنەکەی بە درۆ خستووەتەوە و ئاشکرابووە، ئەو دایکە بە دەستەکانی خۆی منداڵەکانی ژەهرخوارد کردووە.

 لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە، ژنەکە دوای ئەوەی لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، بەردەوام ناکۆکییان لەبارەی چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکان هەبووە و ژنەکە سووربووە لەسەر ئەوەی پێویستە پیاوەکە هەر سێ کوڕەکەیان بەخێو بکات نەک خۆی.

ژنەکە لە لای پۆلیس دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتوویەتی، "بۆ ئەوەی تۆڵە" لە هاوسەری پێشووی خۆی بکاتەوە، بڕیاریداوە منداڵەکانی بکوژێت. ئاماژەشی بەوە داوە، بە بیانووی گەڕان و بازاڕکردن منداڵەکانی بردووەتە دەرەوە و خواردن و خواردنەوەی بۆ کڕیون و حەبی ژەهراوی بۆ تێکردوون. 

داواکاری گشتیی بەشی دووەم لە شاری سۆهاگی میسر بە سەرپەرشتیی ڕاوێژکاری گشتیی فەرمانگەی داواکاری گشتی باکووری سۆهاگ، فەرمانی راگرتنی تۆمەتبار (ش.ف.ا)، کە منداڵەکانی کوشتووە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەرکردووە، تا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێت.

رووداوەکە میسری هەژاندووە و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە و داوا دەکەن دادگا سزایەکی توندی ئەو ژنە بدات کە بەبێ بەزەییانە هەر سێ کوڕەکەی ژەهرخوارد کردووە.

پرسی جیابوونەوەی هاوسەران "تەڵاق" بەردەوام پرسێکی گەرمی نێو کۆمەلگەی میسری و عەرەبی بووە و ژمارەی حاڵەتەکانی تەڵاقدان لەو وڵاتە ساڵ بەدوای ساڵ زیاددەکات. بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ناوەندی بۆ کۆکردنەوەی گشتی و ئاماری میسر؛ ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە نزیکەی 245 هەزار و 777 حاڵەت؛ لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 ژمارەکە 222 هەزار حاڵەت بووە.

Fly Erbil Advertisment