تيرازا ماى: ئاماده‌م به بۆمبى ناووكى 100 هه‌زار منداڵ و ژن و پياو بكوژم
تيرازا ماى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى گشتيى (په‌رله‌مان)ى بريتانياى سه‌رسام كرد
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زيرانى نوێى بريتانيا تيرازا ماى رايگه‌ياند، به‌ڵێ ئاماده‌م سه‌د هه‌زار منداڵ و ژن و پياو به چه‌كى ناووكى بكوژم ئه‌گه‌ر پێويست بكات.
تيرازا ماى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى گشتيى (په‌رله‌مان)ى بريتانياى سه‌رسام كرد، كاتێك به بێ هيچ دوو دڵييه‌ك گوتى: به‌ڵێ ئاماده‌م فه‌رمان به به‌كارهێنانى چه‌كى ناووكى بده‌م، ئه‌گه‌ر پێويست بكات.
تيرازا ماى ئه‌و قسه‌ى له كاتى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له باره‌ى چه‌كى ناووكييه‌وه كرد.
قسه‌كه‌ى له وه‌ڵامى پرسيارى يه‌كێك له ئه‌ندامانى پارتى نه‌ته‌وه‌يى ئسكۆتلهندا جۆرج كيريڤان هات، كه پرسيارى كرد، سه‌رۆك وه‌زيران تۆ خۆت ئامادهييت هه‌يه رێگه به وه‌شاندنى گورزى ناووكى بده‌يت ئه‌گه‌ر بێت و سه‌د هه‌زار منداڵ و ژن و پياوى بێ تاوان بكوژرێن، له وه‌ڵاميشيدا تيرازا ماى به بێ وه‌ستان و دوودڵى گوتى: به‌ڵێ.
به درێژايى چه‌ندين ده‌يه‌يه سه‌رۆك وه‌زيره‌كانى بريتانيا خۆيان له وه‌ڵامى راشكاوانه‌ى ئه‌و پرسياره دزيوه‌ته‌وه.
حكومه‌ت داوايكردووه، په‌رله‌مان بڕى 40 مليار دۆلار ته‌رخانبكات بۆ نوێكردنه‌وه‌ى چوار ژێرده‌ريايى هه‌ڵگرى مووشه‌كى ناووكى كه له سه‌رده‌مى حكومه‌تى مارگرێت تاتچه‌ر له ئه‌مريكا كڕاوون.