سبەی لە بەغدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی بودجە و مووچە یەکلایی دەکاتەوە

K24 – بەغدا:

سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی نەوت، داتا و ئاماری تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، داهاتە نانەوتییەکان و شێوازی خەرجییەکان سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە (22ـی تەمموزی 2023) پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند، سبەی هاتنی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ بەغدا لەسەر ئەو بنەمایە کە هەفتەی رابردوو لە رۆژی سێشەممە تاکوو رۆژی پێنجشەممە شاندەکە لە بەغدا بوون چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕیان بە تایبەت لەگەڵ تیمی حکومی عێراقی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئەنجامدا، هاوکات سەردانەکەی بەیانیشیان لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە لەبارەی ئەو داواکارییانەی کە حکومەتی عێراق هەیانبوو لەسەر رادەستکردنەوەی نەوت، رادەستکردنەوەی ئەو داتا و زانیارییانەی کە تایبەتن بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردتسان، داهاتە نانەوتییەکان و شێوازی خەرجییەکان.

هەروەها راشیگەیاند، لە ئەگەری رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر بودجە و مووچە، کە بڕیارە سبەی لە بەغدا کۆببنەوە، هەمان ئەو رێنماییانەی جێبەجێکردنی بودجە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەوانە دەکرێت بەو مەرجەی ئەگەر تەواوی دۆسییەکان یەکلاییبوونەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێککەوتی 25ـی حوزەیرانەوە دۆسیەی نەوتی رادەستی عێراق کردووە، کە حکومەتی عێراق ئەو نەوتەی هەرێم بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنێتەوە، بۆیە ئەمە لەلای وەزارەتی نەوتی عێراق پرسێکی زۆر گرنگە، هاوکات ئەم پرسە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی دارایش کراوە، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا باسکراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو نیەت پاکیەی خۆی نیشانداوە بە شێوەیەکی کردەیی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە.

پەیامنێری کوردستان24، روونیکردەوە، شاندەکەی حکومەتی  هەرێمی کوردستان ئامانجیان زامنکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، بڕیارە ئەگەر سبەی رێککەوتن ئەوا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو دەنێردرێت و پشکی هەرێمی کوردستان بە بودجەشەوە بە مووچەشەوە هەمووی رادەست دەکرێت، بەڵام ئەمە لە حالەتێکدایەیە ئەگەر تەواوی ئەم داواکارییانە سبەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کە هەردوولایان رازی بن، هەروەها شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی رابردووش ئاشکراینکردووە، کە هەموو نیازپاکییەکی خۆیان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور لەگەڵ حکومەتی عێراق.

پێنجشه‌ممه‌ (20ـی ته‌ممووزی 2023) ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، كاره‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی كۆبوونه‌وه‌كانی شاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه‌ و پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هه‌ر پابه‌ندییه‌ك بكه‌وێته‌ سه‌ری پابه‌ند ده‌بێت، گوتیشی، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتی و تێبینییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ یاسای بوودجه‌، به‌ڵام هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، دەشڵێت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی جێبه‌جێكردووه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌ 26ـی حوه‌زه‌یرانه‌وه‌ ته‌واوی شایسته‌كانی هه‌رێم بنێرێت و هیچ پاساوێكیش بۆ نه‌ناردنی بوودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌.

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کرد و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی لە (26ـی حوزەیرانی 2023)، بە گوێرەی یاساکە لە (1ـی کانوونی دووەمی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.

هاوکات دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی، هەروەها هەژمارێکی دیکەی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتکرابێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپیدرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و لەلایەن دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چاودێری هەردوو هەژمارە بانکییەکە دەکرێت.

بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد کە (5ـی نیسانی 2023) خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاساکە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.

Fly Erbil Advertisment