کاری میدیایی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە

دەبێ هەموو پەیجەکانی سۆشیال میدیا ناوی خۆیان لە وەزارەتی رۆشنبیری تۆمار بکەن

K24 - هەولێر

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێنماییەكی نوێدا کە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە داوا لە سەرجەم ئەو دەزگا و دامەزراوە میدیاییانە دەکات، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە کاردەکەن دەبێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێ "ھەر پەیجێك كاری میدیایی بكات دەبێت خۆیان تۆمار بكەن بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر".

بەشێک لە رۆژنامەنووس و میدیاکاران، ئەو هەنگاوە بە گرنگ دەزانن، ناوی خۆشیان لە وەزارەتی رۆشنبیری تۆمار کردووە.

سەرباز ساڵح، بەرپرسی دەزگای میدیایی وشە بە کوردستان24ی گوت: "پێویستە دەزگایەکانی راگەیاندن ئەو بەرپرسیارێتەیان هەبێت بە گوێرەی یاسا مامەڵە بکەن، چونکە ناکرێت کاری رۆژنامەوانی بکەیت و تائێستا هیچ سەرچاوەکی تۆماری فەرمیت لای حكومەت نەبێت".

وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، لە رێنماییەکی تایبەتدا داوا دەکات لە ماوەی سێ مانگدا ھەموو ئەو پەیج و تۆڕە كۆمەڵایەتییانەی كاری میدیایی دەكەن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. بەڕێوبەری گشتی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، میدیای ئەلیکترۆنی کێشەی بۆ دادگاکان و حکومەت و خەڵکیش دروستکردووە و پێویستە رێکبخرێتەوە.

شێروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بێسەروبەرییەک لە کاری میدیای ئەلیکترۆنی هەیە و باش و خراپ تێکەڵ بووە، زیاتر لە 10 سکاڵا لای ئێمە هەن، کەس و خێزان یان داواکاری گشتی سکاڵای هەبووە لەسەر پەیجەکانی سۆشیال میدیا و ئەو پەیجانەش ناسراو نین و کەس نازانێ هی کێن لە کوێ کاردەکەن و کێ ئاراستەیان دەکات، بۆیە دەمانەوێت ئەوە رێکبخەینەوە".

لە رێنمایە نوێکەی وەزارەتی رۆشبیری کە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە هاتووە، سەرجەم ئەو دەزگا و پەیج و وێبسایتانەی کە کاری میدیایی دەکەن دەبێت خۆیان تۆمار بکەن ئەگەر نا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە هەیە زیاتر لە 120 ماڵپەڕ و پەیج تائێستا ناویان تۆمارکراوە و سەدان ماڵپەڕ و پێگە دیکە هەن کە سەرچاوەکانیان دیار نییە.