پۆلیسی راپەڕین: کوڕێکی 16 ساڵ بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا

پۆلیسی راپەڕین
پۆلیسی راپەڕین

K24 - هەولێر:

بەرە بەیانی ئەمڕۆ کوڕێكی تەمەن 16 ساڵ بەناوی (هۆگر مەسعود) لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت: لەسەر ئەو تاوانە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێک دەرچووە.

موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین بە کوردستان24ـی راگەیاند، رووداوەکە پێش کاتژمێر شەشی بەیانی روویداوە و دەسترێژی گولـلە لە گەنجەکە کراوە و شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە ھەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر ئەو تاوانە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێک دەرچووە بەڵام هەڵاتووە.

تا ئێستا هۆکاری پشت تاوانەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە و پۆلیسی راپەڕینیش لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە.