پارێزگای مەرکەزیی ئێران چاوی لە بازاڕی عێراقە

ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری مەهدی زەندییە وەکیلی، پارێزگاری مەرکەزیی ئێران بڵاویکردەوە، ئامادەن پێشانگەیەکی بازرگانیی هاوبەش لەگەڵ عێراق بکەن و گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی هەفتانە بۆ نەجەف دەستپێبکەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پارێزگاری مەرکەزی لە کۆبوونەوەی تیمی کاری پەرەپێدانی هەناردەی نانەوتیی پارێزگاکەدا گوتی: "عێراق وەک بزوێنەرێکی سەرەکی لە بازاڕە ئامانجدارەکاندا دەبینرێت". 

زەندییە وەکیلی جەختیکردەوە، پارێزگاکە ئامادەیە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

پارێزگاری مەرکەزی روونیکردەوە، پارێزگاکە نزیکەی 3,800 یەکەی پیشەسازیی هەیە کە کۆمەڵێک کاڵای هەمەجۆر بەرهەم دەهێنن. هەروا گوتی، ژمارەیەکی زۆری ئەو بەرهەمانە لە عێراقدا بازاڕیان هەیە و هەوڵ دەدەن دەرفەت بۆ کارگە و دامەزراوەکان بڕەخسێنن تاوەکو بچنە ناو بازاڕی عێراقەوە.

زەندییە وەکیلی باسی لەوەش کرد، پێگەی جوگرافیی پارێزگاکە و هاتوچۆی بارهەڵگرە عێراقییەکان بە رێگاکانیدا، دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی بازرگانی و گواستنەوە و ترانزێت لەنێوان هەردوولادا، هاوکات ئامادەییی پارێزگاکەی پێشاندا بۆ میوانداریکردنی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی عێراقی بە مەبەستی ئاشنابوون بە تواناکانی پیشەسازی و وەبەرهێنان.

پارێزگاری مەرکەزی ئاشکرایکرد، کۆمپانیاکانی پارێزگاکە دەتوانن بەشداری لە دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق لە بواری خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بیناسازیدا بکەن، بەتایبەت لە سایەی ئەو دەرفەتانەی بەندەری بەسرە و پڕۆژە ئاوەدانییەکانی عێراق دەیانڕەخسێنن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زەندییە وەکیلی روونیکردەوە، پارێزگاکەیان ئامانجیەتی لەمساڵدا بە بەهای 2 ملیار دۆلاری ئەمریکی کاڵا هەناردە بکات. هەروەها جەختیکردەوە، لەسەر ئاستی ئێران لە رووی پێوەرەکانی ژینگەی کارەوە، پارێزگاکەیان پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە.