نوجەبا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

لۆگۆی نوجەبا
لۆگۆی نوجەبا

بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی لە رێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە کۆتایی بە هەموو مشتومڕ و پێشبینییەکان سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی هێنا و بە ئاشکرا پابەندبوونی خۆی بە ستراتیژی یەکڕیزیی گۆڕەپانەکان و رێبازی میحوەرەکە راگەیاند، هاوکات هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی توندی لە هێزەکانی ئەمریکا کرد.

لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا، بزووتنەوەکە جەختی لەسەر ناوەرۆکی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی کردووەتەوە، تێیدا ستایشی خۆڕاگری و یەکگرتوویی بەرەکانی بەرگری لە سەرجەم وڵاتاندا کرابوو. نوجەبا رایگەیاندووە؛ لەسەر رێبازی عەلی خامنەیی و سەرکردەکانی دیکە بە نەگۆڕی دەمێننەوە و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئەو گرووپە چەکدارە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، دوای ئەو دۆڕاندن و شکستانەی تووشیان بووە، دەبێت چاوەڕوانی تۆڵەسەندنەوەیەکی سەخت بن لەسەر دەستی رۆڵەکانی مقاوەمە، لە بەرامبەر خوێنی سەرکردەکان، منداڵان و بێتاواناندا.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە کە هێزەکانی نوجەبا ئێستا لە بەرزترین ئاستی ئامادەکاری و هێزدان، و هیچ فشار، فیتنە و ئاڵۆزییەکی سیاسی و سەربازی ناتوانێت پاشەکشەیان پێ بکات لەو رێبازەی گرتوویانەتەبەر.