کەشتییەک بە نزیکەی 3000 ئۆتۆمبێلەوە گڕی گرت

سووتانی کەشتییەکە
سووتانی کەشتییەکە

K24 - هەولێر:

کەشتیەکی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی هۆڵەندا ئاگری گرتووە و پێشبینی دەکرێت کوژاندنەوەی ئاگرەکە چەند رۆژێک بخایەنێت.

کەشتییەکی بارهەڵگر کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هەڵگرتووە لە دوێنێ چوارشەممە (26ـی تەمووز) لە کەناراوەکانی هۆڵەندا ئاگری گرتووە و بەهۆی سەختی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، پێشبینی دەکرێت کوژاندنەوەی چەند رۆژێك بخایەنێت.

پاسەوانی کەناراوەکانی هۆڵەندا رایگەیاند، ژمارەیەک پسپۆڕ بە هێلیکۆپتەر بەسەر کەشتییەکەدا فڕیون و بڕیارە هەنگاوەکانی داهاتوو دیاری بکەن کە دەبێ بگیرێنەبەر. ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵاتداران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رێگریکردن لە نوقمبوونی ئەو کەشتییە کە درێژییەکەی 200 مەترە.

لەنێو کەشتیەکەدا بە نزیکەیی 3000 ئۆتۆمبێل هەیە کە 25ـیان ئۆتۆمبێلی کارەبایین، ئەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل لەنێو کەشتیەکە، پرۆسەی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سەخت کردووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش پێشبینی دەکەن، ئاگرەکە چەند رۆژێکی دیکە بخایەنێت.

بەهۆی ئاگرەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و 16 کەسیش بریندار بوون.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، جگە لە رزگارکردنی 22 کەس لەنێو کەشتیەکە، سەرجەم بریندارەکانیش رزگار کراون و کەسیان مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە.

گوتەبێژی دەستەی ئاوی هۆڵەندا بە رادیۆی "ئێن ئۆ ئێس"ـی هۆڵەندی راگەیاند: هەرچەندە تیمەکانی بەرگری شارستانی خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە، بەڵام هەموو ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ رێگریکردن لە نووقمبوونی کەشتییەکە.

یەکێک لە مەترسییەکانی نووقـمبوونی کەشتیەکە، رژانی نەوتی کەشتیەکەیە کە زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت، جگە لە لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل.

لەلای خۆیەوە، گوتەبێژی رێکخراوی "دی نۆردسی فاوندەیشن" تایبەت بە بواری ژینگە ئەوەی خستەڕوو، رژانی سووتەمەنی کەشتیەکە بۆ نێو دەریا، بە واتای کارەساتێکی ژینگەیی دێت بۆ دەریای باکوور و دەریای وادن.