د. سامان شاڵی: بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا گرنگە

K24 – هەولێر

د. سامان شاڵی، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکان دڵخۆشکەرە بۆ خەڵک، بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە زۆر گرنگە.

د. سامان شاڵی، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، کە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەربکەوێت، هەوڵ و بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گرنگە، بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا وەربگیرێت".

سەبارەت بە پێشێلکردنی دەستوور لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا: "لە ماددەی 14ی دەستوور هاتووە، هەموو عێراقییەکان لە مافدا یەکسانن، بەڵام ئەو ماددەیە لە عێراق کەس رێزی لێ ناگرێت، ئەگەر ئێمە وەکو کورد ئەو مافەمان هەبووایە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زوڵمیان لە لێ نەدەکردین، هەرێمی کوردستان پابەندبووە، بەڵام حکومەتی عێراق دەیەوێت مەرکەزیەت بگێڕێتەوە و لە فیدراڵیەت دوورکەوێتەوە، کە ئەمەش دژی دەستوور، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان ئەوان دروستیان نەکردووە، تەنیا لە دوای ساڵی 2003 لەلایەن حکومەتی عێراق بە فەرمی کرا، ئەگەرنا هەرێمی کوردستان لە دوای راپەڕینی 1991 هەیە".

د. سامان شاڵی، ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەتی عێراق سوودی لە ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، چونکە کەس و لایەن هەن لێرەوە دەچنە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان قسە دەکەن، ئەوانیش ئەوە دەقۆزنەوە و مەرج بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن، لەکاتی پەسندکردنی یاسای بودجە ئەمە بە روونی دیاربوو، زۆر لەو خاڵانە دەستووریش نەبوون بەسەر هەرێمی کوردستان فەرز کردووە".

سەبارەت بە رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەم هەواڵە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق رێککەوتنەکە تەواو دەکات، چونکە ئەو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەرز دەکاتەوە و ئەویش واژۆی دەکات، ئینجا پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت".

جەختیکردەوە، مەرجەکانی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نادەستوورین و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، "ئەو هەرێمە چەترێکە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، بۆیە ئەرکی هەمووانە بەرگری لێ بکەن".

گوتیشی: "ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەرگریکردن لە کابینەکەی حکومەت بە ئەرکی خۆیان بزانن".

سەبارەت بە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە دەسوور، دەڵێت: "مافەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا مووچە نییە، بەڵام هەندێک لایەنی عێراقی بە مەبەست وای پیشان دەدەن کە تەنیا مافەکان مووچە، راستە مووچە گرنگە بۆ ژیانی خەڵک و بازاڕ، بەڵام مافەکانی دیکەش گرنگ و ستراتیژین".