بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک 23 کەس گیانیان لەدەستدا

فلیپن، گەڕان بەدوای ونبووەکان
فلیپن، گەڕان بەدوای ونبووەکان

K24 - هەولێر

تیمەکانی فریاگوزاری رایانگەیاند، ئەمرۆ پێنجشەممە بەلەمێکی بچووک لە دەریاچەیەکدا لە نزیک مانیلای پایتەختی فلیپین وەرگەڕا و بەهۆیەوە 23 کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

ئارماندۆ پالیلۆ، گوتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی فلیپین بە کەناڵی تێلێرادیۆی راگەیاند، رووداوەکە لە سەرەتای نیوەڕۆوە لە باشووری رۆژهەڵاتی مانیلا روویداوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە تێپەڕبوونی زریانی دوکسوری لە باکووری وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی روویدا دوای بایەکی لەناکاو بووە و رایانکردووە بۆ لای چەپ و بەلەمەکە وەرگەڕاوە.

کینێس سێرادۆس، ئەفسەری فریاگوزاری شارەوانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، بەلەم بچووکەکە گەشتێکی رۆتینی لە شارۆچکەی بینانگۆنانەوە بۆ دوورگەی تالیم لە ناوەڕاستی دەریاچەکە ئەنجامدا.

کارمەندانی فریاگوزاری 23 تەرمیان لە ئاوەکە دەرهێناوە و 40  کەسی دیکەش رزگاریان بووە و شەشی دیکەش بێسەروشوێنن.

سیرادۆس پشتڕاستی کردەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووداوەکە، تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا لە ئاوەکەدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی شەش کەسە ونبووەکە.

وڵاتی فلیپین زیاتر لە حەوت هەزار دوورگە لەخۆدەگرێت و زۆرێک لە رووداوە دەریاییەکان تۆمار دەکرێن کە ساڵانە لە کاتی گواستنەوەی خەڵک لە بەلەمەکاندا روودەدەن.

Fly Erbil Advertisment