ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی چوار بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی راگەیاند
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لەکاتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.
رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەدواداچوونی وورد، دواتریش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لە 25 و 26ـی تەمموزی 2023، لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا، توانیان چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەلێردا هاتووە، چوار ئەندامی ئەو باندانەی ماددەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن و بەکاریدەهێنن، بەناوەکانی (ی. ع. م.) و (م. ج. م.) و (د. م. ب.) و (أ. ج. ی.) دەستگیرکراون.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، دەستگیکردنی ئەو چوار تۆمەتبارە لەکاتی کڕین و فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و هیرۆین و حەشیشدا بووە، هەروەها لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستگیراوە بەسەر سەدان کەلوپەلی پایپ بۆ بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر و چەکی بێمۆڵەت و بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، هیرۆین، حەشیش و ماریجوانا.
هاوکات ئاسایشی هەولێر باسی لەوەشکردووە، دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، توانیویانە سێ کەس دەستگیربکەن کە "کاری کڕین و فرۆشتن"ـیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد.
هەروەها رۆژی (16ـی تەمموزی 2023) تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر 10 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەکاتی ئەنجامدانی کڕین و فرۆشتن بە ماددەکانەوە، دەستگیرکرد.
لە ماوەی رابردوو هێزەکانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، هەفتەی رابردووش چوار گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستگیرکران.
بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە. هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر.
بەپێی ئامارەکانیش کە پێشتر کوردستان24 بڵاویکردووەتەوە، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.