شرۆڤەکارێکی سیاسی: هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر عێراق جێبەجێکردووە
K24 - هەولێر
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: ئەو رێککەوتنەی ئێستا هەیە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمی پێشترە، ئەوەی ئێستا لە حکومەتی سوودانی ئەبینرێت، هەست ئەکەیت بەشێوەیەک نیەت پاکی خۆی نیشانداوە.
دڵشاد نامیق، شرۆڤەکاری سیاسی، بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە بەرهەمی پێشتری نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئەویش بەڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە لەنێوان پێکهاتەکان، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی عێراق بپارێزرێت، چونکە لە لێواری هەڵوەشانەوە و شەڕی ناوخۆ دابوو.
گوتیشی: ئەوەی ئێستا لە حکومەتی سوودانی و خودی خۆشی ئەبینرێت، هەست ئەکەیت بەشێوەیەک نیەت پاکی خۆی نیشانداوە، هەم بەرانبەر هەرێمی کوردستان و هەم بەرانبەر پێهاتەکانی دیکەی عێراقیش، بۆیە ئەوەی ئێستا کراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هیچ بەربەستێک نەماوە، بەتایبەت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، ئەگەریش بیویستایە پابەند نەبێت ئەوە رێگەی دیکە هەبوو کە نەوتی لێیەوە بفرۆشێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، راستە سوودانی پشتیوانییەکی باشی پەرلەمانی هەیە، بەڵام خۆی وەکو سەرۆکی حزبێک وەکو مالیکی نیە کە کوتلەیەکی بەهێزی هەبێت و بتوانێت کاریگەری لەسەر پەرلەمان هەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لەهەر حاڵەتێک لەم بابەتە پەشیمان ببنەوە. بەتایبەتی کە ئەوان ئەو داواکارییانەی لە هەرێمی کوردستانی ئەکەن، لەناوچەکانی خۆیان نەیان کردووە، وەکو چاودێری کردن و شێوازی خەرجکردن کە لەعێراقدا بوونی نیە.