ئاری هەرسین: ئەگەر مووچە لە بەغداشەوە بێت دەستکەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، هەر سەرکەوتنێک لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رووبدات، واتا سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هاوکات گوتیشی: ژمارەیەک لایەن هەوڵی تێکدانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن.

ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، تاکە دەمڕاستی شەرعی بۆ هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە و هەر سەرکەوتنێکیش لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا رووبدات بۆ دیپلۆماسییەتی جەنابیان دەگەڕێتەوە.

هاوکات راشیگەیاند، هەرکەسێکی دیکە کە ئەندامێکی حزبە و بۆخۆی لابەلا چێتە بەغدا برنج و شلەیەک لەگەڵ بەرپرسێک دەخوات لەوێدا، ئەمە نابێتە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەسە راسپێردراوە بچێت بۆ ئەوێ لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێکبدات و تووشی کێشەی بکات.

ئاماژەی بەوەدا، کاری سەرۆکی حزب نییە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات و ناشکرێت خۆی بکاتە نوێنەری خەڵکی کوردستان.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوەشکرد، بەشێک لە لایەنەکان پێیانوایە هەرێمی کوردستان لە رێککنەکەوتن لەگەڵ بەغدا بەرپرسیارە، بەڵام بینیمان هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کرد، بەڵام ئەوە بەغدایە دەیەوێت رێکنەکەون لەگەڵ هەرێم و مووچە دوابخەن.

لەبارەی سەرۆک بارزانییەوە، ئاری هەرسین، گوتی: "هیچ کەسێک لە کوردستان پێگەی وەک سەرۆک بارزانی نییە، شاندەکانی وڵاتانی جیهان کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکەمجار سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی کەسێکی کارێزمایە و  پێگەیەکی بەرزی هەیە، هەموو جیهان دەزانن سەرۆک بارزانی مەرجەعی باڵای کوردە".

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی روونکردەوە، ژمارەیەک لایەن هەوڵی تێکدانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن، هەروەها خەڵک هۆشیارە لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەگەر مووچە لە بەغداشەوە بێت دەستکەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

رۆژی چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوای گەیشتنی شاندەکەش بۆ بەغدا راستەوخۆ دەست بە کۆبوونەوەکان کرا.

دوای ئەوەش کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه،‌ به‌ مه‌به‌ستی ناردنی شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌گەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی گه‌یشتنه‌ رێکكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شداكۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژۆ كرا و بڕیار وایه‌ ده‌ستبه‌جێ تەمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کۆنووسەی واژۆکراوە بۆ کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە لە زووترین کاتدا دەست بە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هاوکات لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ریگەیاند، "شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی گەیشتنە رێککەوتن و لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".