مەسعود مەلا پەروێز: لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک حەوت لایەن بۆ هاوپەیمانییەتی لەگەڵ پارتی ئامادەن
K24 - هەولیر:
بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پارتی هەمیشە دەرگەی کراوەبووە بۆ هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەموو لایەنەیکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و زۆرینەی لایەنەکانیش ئامادەییان نیشانداوە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانییەتی ئەنجامبدەن.
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، وەک پارتی گەیشتوونەتە ئەوەی لیستێکی هاوپەیمانییەتی کەرکووکیانە دروست بکەن کە زۆبەی خەڵکی کەرکووک زۆربەی نەتەوەکان و نوێنەرانی ئایین و ئایینزادەکانی تێدا بێت، هەروەها گفتووگۆ کراوە لەگەڵ زۆرینەی لایەنە کوردییەکان بۆ هاوپەیمانییەتی لەو چەند رۆژەی داهاتوو وەڵامیان دەدەنەوە.
هاوکات راشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە دەرگەی کراوە بووە بۆ هەر لایەنێک کە بێن هاوپەیمانییەتی لەگەڵدا ئەنجامبدەن، هەروەها زۆبەی لایەنەکان ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانییەتی ئەنجامبدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک حەوت لایەن بۆ هاوپەمانییەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن.
لەبارەی هاوپەیمانییەتی پارتی دیموکراتی و کوردستان و یەکێتی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "لە 9ـی تەمموز کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامدرا سەبارەت بە لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و لەسەر هەموو ناوچە کوردستانییەکان کە لیستێکی هاوبەش پێکەوە دروستبکەن، بەڵام بافڵ بە تووڕییەوە کۆبوونەوەکەی جێهێشت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا نییەتی ئەوانی نیشاندا کە نییەتی یەک لیستییان نەبوو".
گوتیشی: "ئەگەر یەک لیستیش دروست نەبێت لەنێوان لایەنە کوردییەکان، پێشنیازکراوە کوردەکان بە دوو لیستی بەهێز بەشداری بکەن لەم هەڵبژاردنە، لەوانەیە دوو لیستیش سەرکەوتوو بێت و ببێتە هۆی قازانج و هێنانی دەنگێکی زۆر".
مەسعود مەلا پەروێز، باسی لەوەشکرد، وەک پارتی هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەدەن، لە رێگەی دەنگدانیش ئەم هەوڵە دەدەن، هەروەها دەیانەوێت دۆخی کەرکووک بگەڕێننەوە پێش 16ـی ئۆکتۆبەر و ئاسایی ببێتەوە.
دەشڵێت: "دوای 16ـی ئۆکتۆبەر زوڵم زۆر لە کەرکووک کراوە، لە رووی ئیداریەوە زۆر پۆست لە کورد وەرگیراوەتەوە، لەو هەڵبژاردنەش سەرکەوین دۆخی کەرکووک دەگەڕێنینەوە پێش 16ـی ئۆکتۆبەر".
پیشتریش محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە کوردستان24، راگەیاندبوو، پرسی یەک لیستی لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک نایاتە کایەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی لایەنەکانیش بەیەکەوە بن هەندێک لایەن هەن لە دەرەوەی ئەم لیستانە کاری خۆیان دەکەن، ئەمەش کاریگەری دەبێت و بە زەرەری کورد دەشکێتەوە.
هاوکات جەختی لەوەشکردبووەوە، ئەگەر نەتواندرا لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشداری بکەن، دەکرێت بە دوو لیستی بەهێز بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، باسی لەوەشکرد: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەزموونێکی باشی هەیە لەسەر پرسی بەشداریکردن بە تەنیا لە هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە یەک لیست بەشداری کردووە و کێشەی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، دوا بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 30ـی تەمموز دەدرێت.
رۆژی 20ی مانگی حوەزیرانی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیارکرد.
پێشتر ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل رایگەیاندبوو، کە 23 ملیۆن و 367 ھەزار و 81 کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان ھەیە.
ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەی 10 ساڵە ئەنجام نەدراوە.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری پهرلهمانی عێراق کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕکرا.