مەردان خدر: ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت پارتی پشتیوانی لێدەکات
K24 – هەولێر:
سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە پرسی ههڵبژاردن تاوتوێ دهكهن، لەم بارەیەوە بەرپرسی لقی نۆی پارتی لە ئاکرێ، رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی سبەی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق کە هەموو لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بۆ ئەو هەڵبژارردنە بەشدار بن و دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت.
مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەوڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی چەندین کێشەی گەورەی نێوانیان پێکەوە چارەسەر کردووە، دەبێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری زیاتر بۆ کوردستان پیکەوە لێک نزیک بن و رێکبکەون.
هاوکات راشیگەیاند، کۆبوونەوەکەی بەیانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی زۆر گرنگە بۆ قسەکردن لەسەر پرسی هەنوکەیی، بە تایبەت پرسی هەڵبژاردنی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشدا، ئومێدەوارە کۆبوونەوەکەی سبەی نێوانیان ئەنجامێکی باشی هەبێت و لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و رێکبکەون لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها رێکبکەون لەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بە یەک لیست بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت.
بەرپرسی لقی نۆی پارتی لە ئاکرێ، روونیکردەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی هەمیشەیە و هەر دەبێت ساز بکرێت، لەپیناو ئەوەی کوردستان لەو بۆشایە یاساییە دەربچێت.
مەردان خدر، گوتی: "هەموو هێزی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە پیش هەمووشیان پارتی و یەکێتی بەرپرسیارن لەو دۆخەی کوردستان هەرچی زووە دەبێت چارەسەری بکەن، بۆ ئەوەی هەموو پێکەوە دەستکەوتەکانی هەرێم بپارێزین و لەدەستی نەدەین، هەروەها پارتی لەپێناو مافی هەرێمی کوردستان و رێککەوتن چەندین سازشی کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، پێویستە لایەنەکانی دیکەش بە هەمان شێوەی پارتی بیر بکەنەوە".
گوتیشی: "هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لێ دەکات".
یارە سبەی یەکشەممە (30ـی تەمووز) کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆببنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەی سبەینێی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەدەچێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی برووسکەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی ناردووە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی وەڵامی برووسکەکەی یەکێتی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی هەردوولا لە دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراق.
سەرەکیترین تەوەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.