بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک شەش کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی کەنەدا رایانگەیاند، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بچووک لە چیاکانی رۆژئاوای شاری کالگاری، شەش کەس گیانیان لەدەستدا.

رایان سینگڵتۆن، پۆلیسی ناوخۆیی رایگەیاند، "پێنج سەرنشین و فڕۆکەوانێک لەناو فڕۆکەیەکدا لە فڕۆکەخانەی سپرینگبانکەوە لە نزیک کالگاری هەڵفڕی، بەڵام دوای رۆیشتنی فڕۆکەکە، کەسوکارەکانیان پەیوەندییان لەگەڵ سەرنشینانی فڕۆکەکەدا نەماوە".

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، دەسەڵاتدارانی خۆجێی کەنەدا، تیمێکی هێزی ئاسمانی شاهانەی کەنەدایان ناردووە بۆ گەڕان بەدوای فڕۆکەکەدا، ئەوانیش لەکاتی گەڕان بەدوایاندا، فڕۆکەکەیان لە چیاکانی رۆژئاوای کالگاری دۆزیوەتەوە، کە تەنها بە هێلیکۆپتەر دەتوانرێت بگەیتە ئەو شوێنە.

پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە "هەر شەش سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە"، هەروەها لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکەش کراوەتەوە.

Fly Erbil Advertisment