ساسان عەونی: حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە کەرتی تایبەتی خۆماڵی دەکات
K24 - هەولێر:
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان، داوا لە كەرتی تایبەت دەكات بەشدارییەكی چالاكتریان لە كەرتی گەشتیاریدا ھەبێت و رایگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ئاسانكارییەك بۆ كەرتی تایبەت دەكات.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە رێورەسمی راگەیاندنی نەخشەرێگای چاکسازی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، دیدگای سەرۆکی حکومەت بۆ کەرتی گەشتوگوزار، دیدگایەکی تایبەتە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەپاڵ کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و وەبەرهێنان، کەرتی گەشتوگوزاریش بکاتە پێگە و پایەیەکی سەرەکی کە حکومەت کاری لەسەر بکات و پەرەی پێ بدرێت، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر باری ئابووری هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە راگەیاندنی نەخشەرێگای چاکسازی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی گوتی: ئەو نەخشە رێگا چاکسازیە، نۆ بواری جیاواز لەخۆ دەگرێت لە کەرتی گەشتوگوزار ئەوانیش لە بریتین لە (یاسا و رێنماییەکانی گەشتوگوزار، چاکسازی لە پەیکەری ئیداری، چاکسازی لە پلانی ستراتیژی، پەرەپێدانی شوێن و بەرهەمە گەشتیارییەکان، بە بازاڕکردنی گەشتوگوزار، پەروەردەی گەشتوگوزار، پارەدارکردن، مۆڵەتی گەشتیاری و هەڵسەنگاندنی کوالێتی).
ساسان عەونی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیوادارین قۆناغ بە قۆناغ رێژەی گەشتیاری بیانی لە هەرێمی کوردستان بەرز ببێتەوە.
بە گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، حکومەتی هەرێم کەرتی تایبەت بە بەشێك لەخۆی دەزانێت، بەتایبەتیش پشتیوانی لە کەرتی تایبەتی خۆماڵی و وەبەرهێنەرانی خۆماڵی دەکات، بۆئەوەی لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا رۆڵی خۆیان ببینن لە پەرەپێدانی ژێرخان و بوژانەوەی هەرێمی کوردستان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کەرتی تایبەت دەکات بەشدارییەکی چالاکتر و باشتر لە کەرتی گەشتوگوزار بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەک لەڕووی یاسایی و رێنمایی و رێکارە کارگێڕییەکان دەکات.
وەک ساسان عەونی ئاماژەی پێدا، خاکی کوردستان یەکێکە لەو خاکە دەگمەنانەی کە شوێنەواری مێژووی تایبەت بەخۆی تێدایە، ئەمەش جگە لە جوانی سروشتی کوردستان لە هەر چوار وەرزی ساڵ و میواندۆستی خەڵکەکەی کە هەموو پێکەوە وایانکردووە، وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزار بکرێت.